ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بارزانی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بەغدا

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بارزانی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بەغدا


ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باس لەسەردانی بارزانی بۆ بەغدا دەکات و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە سەربەخۆیی کوردستان، یەکێکە لە تەوەری باسەکانیان.



کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە 27\9\2016، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات، لە سەردانەکەدا، بە شێوەیەک قووڵ، باسی سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەکرێت، هەوڵ دەدات رێگایەکی تازە بۆ باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە بدۆزێتەوە و هەماهەنگیش لە بواری ئەمنی و سیاسی و دیپلۆماسی بکات، چونکە ئەو سیاسەتەی حکوومەتی عێراق دەیکات، هەڵەیە و پاڵ بە کوردستانەوە دەنێت بۆ جیابوونەوە”.



ئاماژەی بەوەش دا، سەردانەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان بارزانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت کە ئەنجامیان داوە.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە کە بارزانی، سەرکردایەتیی شاندێکی باڵای کوردستانی دەکات، لەو سەردانەدا زۆر بە وردی پرسی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و بواری ئەمنی و سیاسی و سەربازی باس دەکرێت، بەشێکی دیکەی باسەکانیش پرسی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەبێت. دەشڵێت: “یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی بارزانی لە بەغدا، باسکردنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت”.
Top