محەمەدی حاجی مەحموود: دەبێت حزبەکان خۆیان لەنێو حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنبوون یەکلا بکەنەوە
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ سێشەممە (27\9\2016) دیاری کرابوو بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان و لەگەڵ ئەوەین کە هەموو کەسێک داوای مافی خۆی بکات، بەڵام بەشێوەیەک بێت کە خۆپیشاندان لەلایەن لایەنی دیکەوە، سوودی لێ وەرنەگیرێت، بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەکاریان بهێنن، هەموو کەسێک مافی خۆیەتی داوای مافەکانی خۆی بکات، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، ڕەوچاوی ئەوە بکەن کە (1500) کیلۆمەتر لە سەنگەردایە، بەرانبەر بە دوژمن و داعش، خوێنی خۆیان لەپێناوی خاکی کوردستان دەڕێژن، بۆیە ئەو دەستکەوتانەی گەلەکەمان هەیەتی، ڕاستە کەمووکورتی هەیە، قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە دژی دەسکەوتەکان بین، یان کێشەکان قووڵ بکەینەوە، یان کێشە دروست ببێت، تا کار بگاتە ئەوەی کاریگەری لەسەر شەڕی داعش بکات”.
محەمەدی حاجی مەحموود داواش لە خەڵکی کوردستان دەکات، یەکڕیزی بپارێزن و هەوڵ بدەن نەک لەژێر فشار، بەڵکو بە بڕواییەوە، شتێک بکەن لە خزمەت وڵاتدا بێت، “نەک بۆ لەناوبردن و قووڵکردنەوەی کێشەکان، بۆیە ئێمە دەزانین سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، تووشی کێشەی دارایی بوون، بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە، بەڵام ئێمە دەسکەوتی گەلەکەمان کە بە خوێن و فرمێسک بەدەست هاتووە، بەهیچ قەرەبوو ناکرێتەوە، بۆیە هەموو کارێک دەکەین لەپێناوی ئازادی و پاراستنی دەسکەوتی گەلەکەمان و خەڵکی کوردستان و بەرەو پێش چوونی گەلەکەمان و چاککردنی ژیانی خەڵک”.
ئەوەشی خستەڕوو: “هیوادارین حکوومەت هەوڵ بدات بۆ چاککردنی باری ژیانی خەڵک، بۆ ئەوەی خوێندن پەکی نەکەوێت، چونکە پەککەوتی خوێندن تەنیا خەڵکی هەژار زیانی تێدا دەکات، بە توندوتیژی هیچ دەرئەنجامێکی نابێت، هەمووی لە ڕێگای گفتوگۆوە داواکاری دەگەیەنرێت”.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی بە دووری دەزانێت، بەغدا بتوانێت گرفتەکانی کوردستان چارەسەر بکات، ئەوەش ناشارێتەوە کە دۆخی بەغدا زۆر خراپە و خۆی چاوەڕوانی وڵاتانی دونیایە تاوەکوو هاوکاری بکەن. دەشڵێت: “ئەگەر بەراوردێک لەگەڵ بەغدا و کوردستان بکەین، ڕەنگە تەنیا مووچەکە نەبێت کە ئەوان لەو پارەی پاشەکەوتی بانکی عێراق هەیە دەیدەن، باوەڕ ناکەم ئەوان بتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵام گفتوگۆ هەیە، بڕیارە لەچەند ڕۆژێکی دیکەدا بارزانی بچێتە بەغدا”.
ئەو بە پێویستی دەزانێت، هێزە سیاسییەکانی کوردستان، “بوێرییان هەبێت، نابێت بترسن، ئەگەر لە حکوومەت نەبن، دەبێت ئۆپۆزسیۆن بن، کە هاتنە ناو حکوومەت، دەبێت پابەندبن بە کاری حکوومەت و دارییەوە، ناکرێت پێیەکت لە حکوومەت و پێیەکت لە دەسەڵات بێت، دەبێت بوێربیت و بڕیاری خۆت بەدەست بێت، لە کاتێکدا ئەگەر پێی وابێت، پشتیوانی لە حکوومەت بکات، لەوە دەچێت دەنگی لەدەست بچێت، یان دەنگدەری لەدەست دەدات، ئەگەر دژی حکوومەت بێت، ئەوە دەنگی زیاد دەکات، بۆیە ئەمە سیاسەت نییە، کارێکی باش نییە، چونکە حزب هەیە چوار وەزیری هەیە، ئەگەر حکوومەت، ئەوەندە خراپە، بۆ نایەنە دەرەوە؟ با وەزیرەکانی دەست لەکار بکێشنەوە، ئەوکاتە حکوومەت نامێنێت، پارتی ناچار دەبێت حکوومەت دروست بکاتەوە، بۆیە دەبێت یان لە حکوومەت بیت یان یان لە ئۆپۆزسیۆن”.
باسنیوز
