ئەمەریکا لە دۆخی سلێمانی نیگەرانە

 ئەمەریکا لە دۆخی سلێمانی نیگەرانە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دۆخی سلێمانی نیگەرانە و بۆ ئەوەش لەگەڵ ھەردوو باڵە ناکۆکەکەی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆ دەبێتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەردانی باڵوێزی ئەمەریکا بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان و باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی، پەیوەندیی بە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەی سەوزەوە ھەیە و ئەو سەردانەش پاش ئەوە بووە کە سێ رۆژ لەمەوبەر نوێنەرێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی ئەو لایەنانەی کردووە و ھۆشداری ئەوەی داوە ‌بە کۆسرەت رەسووڵ لە باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، کە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی لە ئاڵۆزیی دۆخی سلێمانیدا ھێرش نەکەنە سەر باڵی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ھاتنی شاندەکەی ئەمەریکا بەتایبەتی بۆ لای جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی، کە ئێستا خۆیان و‌ەک باڵی (ناوەندی بڕیاری یەکێتی) راگەیاندووە، بۆ ئەوە بووە نیگەرانیی خۆی لە دۆخی سلێمانی پێیان ڕابگەیەنێت و داوایان لێ بکا کە رۆڵی خۆیان لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدا ببینن.

بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، شاندەکەی ئەمەریکا بەڕاشکاوانە ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە کێشەکانی یەکێتی بۆ بەرھەم ساڵح و کۆسرەت رەسووڵ روون کردووەتەوە و گوتووی کە بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ ئارامیی ھەرێمی کوردستاندایە و داواکارە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە لایەنەکان، یەکڕیز بن، ئەولەویەتی ھەموو لایەنەکان لەم کاتەدا شەڕی دژی داعش و شکست پێھێنانی بێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، باڵوێزی ئەمەریکا بەر لە ھاتنی بۆ سلێمانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی لە پشکی یەکێتی و باڵی دەستڕۆشتوو، لە ھەستیاریی بارودۆخەکە ئاگادار کردووەتەوە، ھەر بۆیەش قوباد تاڵەبانی، دوێنێ لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی سلێمانی کۆ بووەتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمەریکییەکان لە سەردانەکەیان بۆ لای ھێرۆ ئیبراھیم، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، ھەروەھا لە لای بزووتنەوەی گۆڕانیش، سەرەڕای پیشاندانی بێلایەنیی خۆیان، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن کە ئارامیی ھەرێمی کوردستان تێک بچێت، چونکە ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی کاران لە شەڕی دژی داعشدا.

بەپێی راگەیەنراوێکی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیدا بڵاو کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەمەریکییەکان داوایان لێ کردوون رۆڵ بگێڕن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ھەرێمی کوردستان.

لای خۆشیەوە دۆگلاس سیلیمان، باڵوێزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق، ئاماژەی بەوە داوە کە گرنگی بە پاراستنی یەکڕیزیی نێوان پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بدەن.

لای خۆشیانەوە، بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەی باڵوێز و کونسوڵی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی، لە ھەموو کۆبوونەوەکاندا باسی دۆخی ھەرێم و پرسی خۆپیشاندانەکانیان تاوتوێ کردووە، بەڵام وردەکاریی گفتوگۆکانیان رانەگەیاندووە.

شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێتی رای گەیاند، ئەمەریکییەکان و دۆستەکانی ناوخۆ و دەرەوە داوایان لێ کردوون بەپەلە کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن، گوتیشی: «پشتیوانییان لێ کردین کە یەکێتی ببێتەوە بە یەکێتییەکەی جاران و یەکگرتوو بێت».






باسنيوز
Top