پارێزگاری سلێمانی بەدواداچوون بۆ داواکاریی خۆپیشانداران دەکات

 پارێزگاری سلێمانی بەدواداچوون بۆ داواکاریی خۆپیشانداران دەکات
پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت رایدەگەیەنێت، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی خواستی خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

دوای کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکەی مامۆستایانی شاری سلێمانی، سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی خۆپیشاندەرانی کرد، کە ”بەشێوەیەکی ھێمنانە و دیموکراسییانە“ خۆپیشاندانیان دەست پێکرد و کۆتاییان پێهێنا.

سەردار قادر هەروەها رایگەیاند، کە ئەرکە لەسەر شانی ئەو جەختی وەک پاڕێزگاری سلێمانی بە وەکالەت بچێتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، تاوەکو ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکانی ھاووڵاتییان بدۆزرێتەوە.

پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت رایگەیاند، کە هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە، ”چونکە ناکرێ بەڵێن بە خۆپیشاندەران بدەین و کەمتەرخەمی بنوێنین“.

پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 27ـی ئەیلوولی 2016، مامۆستایانی شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکیان دژی سیستەمی پاشەکەوتکردن و دواکەوتنی مووچە ئەنجام دا.





باسنیوز
Top