کوردستان گردبوونەوەی مامۆستایان لە سلێمانی و دەوروبەری بە ئارامی بەڕێوەدەچێت
خۆپیشاندان و گردبوونەوەکە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان بەڕێوەدەچێت وەک، هەڵەبجە، رانیە، قەڵادزێ، کەلار، سەیدسادق و کۆیە، خۆپیشاندەران بە دروشمی جیاواز رژاونەتە سەر شەقامەکان و لە دروشمێکدا نووسراوە "ئێوە ناچارتان کردووین دەوام رابگرین ئەگەر مووچەتان پێنادرێت دەستلەکاربکێشنەوە".
لە قەڵادزێش هاوشێوەی شارەکانی دیکە خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت، لەنێو بازاڕی شارەکە وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت تایە دەسووتێندرێت.
لە شاری دهۆک پێچەوانەی شارەکانی دیکەی کوردستان، مامۆستایان سەردانی بەرەکانی شەڕدەکەن و پێشمەرگە دڵنیادەکەنەوە کە مووچە کاریگەری ناکاتە سەر هەڵوێستەکانیان و بەڵێندەدەن کە منداڵەکانی پێشمەرگە و خەڵکانی دیکە لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەکەن.
لە سەیدسادق هاوشێوەی شارەکانی دیکە مامۆستایان گردبوونەتەوە، بەڵام شەقامەکانیان نەگرتووە و بە شێوەیەکی ئاشتیانە داواکارییەکانیان دەگەیێننە دەسەڵات.
یەکێک لە مامۆستاکان بۆ رووداو گوتی "ئێمە دەمانەوێت دەنگی خۆمان بگەیێنینە دەسەڵات و حکومەت، داوای مافەکانمان بکەین". ئەگەر داواکارییەکانیشمان جێبەجێنەکرێت لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەردەوام دەبین".
هەروەها مامۆستایانی هەڵەبجە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەستپێکرد و داوا لە حکومەت دەکەن مووچە و مافەکانی مامۆستایان دابین بکات ئەگەرنا بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەن و ناچنە هۆڵکەکانی خوێندن .
ئەمە لە کاتێکدایە لە رانیە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕای دەستیپێکردووە و مامۆستایانی ناڕازی زەنگی بایکۆتکردنی خوێندن لێدەدەن و هێزە ئەمنییەکانیش بڵاوەیان پێکراوە.
مامۆستایانی رانیە: شکا دەستی مووچە خۆر بەدەست ئێوەی مشەخۆر
لە زۆربەی شاروشارۆچکەکان خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی هێمن و دوورلە تووندوتیژی بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی بە رووداوی راگەیاند، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بەشێوازێکی مەدەنیانە و ئاشتیانە دەنگی ناڕازی مامۆستیایان بگەیێنینە حکومەت بۆ ئەوەی مافەکانمان بۆدابین بکات و گوێی لە دەنگی ناڕازی ئێمە بێت.
ئەو گردبوونەوە و ناڕەزاییانەی مامۆستایان هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و شەوی رابردووش وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا پرۆسەی خوێندنی لە 27ی مانگ بۆ 1-10-2016 دواخست.
باسنیوز
