باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ترسی ھەیە دۆخی سلێمانی بەواندا بتەقێتەوە

باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ترسی ھەیە دۆخی سلێمانی بەواندا بتەقێتەوە
بەپێی سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوێنێ دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان دوو سەرکردەی باڵی ناوەندی بڕیار و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ئەنجام دراوە، وایش بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان لە بینای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی ئەنجام بدەن.



سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، حاکم قادر لە باڵی ناوەندی بڕیار و رەفعەت عەبدوڵا لە باڵی ھێرۆ ئیبراھیم، کۆ بوونەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە کە لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی ناو یەکێتی و ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان ھەردوو باڵەکەدا ئەنجام دەدرێ.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشتر ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد پێشنیاری کردووە بۆ کێشەکانی ناو یەکێتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ببەسترێت، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا نەرمیی نواندووە و لەلایەک رازی بووە بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی و لەلایەکی دیکەش سەردانی حاکم قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەر بە ناوەندی بڕیاری کردووە، کە ئەوە یەکەم جارە دوای بەیاننامەکەی ناوەندی بڕیار، ھێرۆ ئیبراھیم لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو ناوەندە دابنیشێت و گفتوگۆ بکات.



ھەر بەپێی سەرچاوەکە، لەم سەردانەیدا ھێرۆ ئیبراھیم بە حاکم قادری گوتووە کە ھیچ کێشەی لەگەڵ ئەمدا نییە و ئامادەشە وەکو خۆی چۆنی بووێت بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.



بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو سەردانەی ھیرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەژێر فشاری بارودۆخی ئەمنیی سلێمانیدا بووە، بەتایبەت کە باڵی دەستڕۆیشتوو زانیاریی ئەوەیان دەستکەوتووە کە ڕەنگە لە ئەگەری ڕوودانی خۆپێشاندان و پشێویدا، پەلاماریان بدرێت.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ترسی زۆر ھەیە لای خەڵکی سلێمانی کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکەکە بۆ ململانێی سیاسی ئیستغلال بکرێت و بەو ھۆیەوە پشێویی لێ بکەوێتەوە.



بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو دۆخەی کە دروست بووە بزووتنەوەی گۆڕانیشی دابەشی سەر دوو ئاراستە کردووە، بەشێکیان دەیانەوێ راستەوخۆ بڕۆنە ناو خۆپیشاندەران و بەشێکی دیکەشی نایانەوێ دەستوەردان بکەن، چونکە ترسیان ھەیە لە دۆخێکدا ئەوان لەناو خۆشپیشاندەران ببینرێن، ئەوا لە ئەگەری ھەر رووداوێکدا بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.



سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نەبوونی مەرجەع و فرەسەری لە سلێمانی سەری لە خەڵکەکەش شێواندووە و بەشێکی زۆریان ترسیان ھەیە وەکو ھاووڵاتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن، چونکە پێیان وایە بەکار دەھێنرێن، چونکە لەلایەک دەبینن خۆپیشاندەران دەستگیر دەکرێن و لە میدیاکانی ئەو حزبانەی باڵادەستی سلێمانیشن خۆپیشاندەران ھان دەدرێن، ئەوەش سەرلێشێواویی بۆ خەڵکەکە دروست کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەشێک لە برپرسە باڵاکانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لە سلێمانی، پارە و زێڕەکانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا نەھێشتووە و زۆربەی ئۆتۆمبێلەکانیشیان بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە.



سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بەھۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی سلێمانییەوە لیواکانی سەر بە سکرتاریەتی تاڵەبانی و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سەر بە ئاسایشیان خستووەتە ئامادەباشی و بەسەر شوێنە گرنگەکاندا دابەشیان کردوون.



ھەر ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاند کە باڵی ھێرۆ ئیبراھیم لە رێگای حاکم قادرەوە پەیامێکیان گەیاندووەتە باڵی ناوەندی بڕیار و سەرکردە عەسکەری و ئەمنییەکانی ئەو باڵە، ئەگەر بەنیازی ئەوە بن لە پەنای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان پەلاماری باڵی ئەوان بدەن، ئەوا ئەوانیش دەستەوەستان نابن و پەلاماریان دەدەن، بەشێوەیەک لە زۆنی سەوز دەریان دەکەن و ناچاریان دەکەن بڕۆن لە ھەولێر دابنیشن.



مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رای گەیاند، ئەوان تەمەننای ئەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی باڵەکانی یەکێتیدا رێککەوتن بکرێ لەسەر چەند خاڵێکی جەوھەری، لەسەر شەرەفی شەھیدانی پێشمەرگە، بەڵام قۆناغەکە لەو ئاستەیەدا نییە بتوانرێ بڕیاری کۆنگرە بدرێ، گوتی: "کۆنگرەش رێوشوێنی خۆی ھەیە و دەبێت کۆنگرەیەکی بێ دەستوەردان و پاک بێت و لە دۆخێکی ئاساییدا بێت، ئەگەرنا دووبارە کێشەکان وەکو خۆیان لێدێتەوە".



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تەنیا بە رێگەی دانیشتن و گفتوگۆ دەتوانرێ چارەسەری کێشەکان بکرێ، نەک بە پەلاماردان و ھێرشکردنە سەر یەکتری.



گوتیشی: "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە بگەین بە سیغەیەک و شتێک بکرێت کە خەڵکی لەو دڵەڕاواکێ و دۆخە سیاسییە رزگاری بێت، بەوەش دڵی یەکێتییەکان خۆش بکات".



ھاوکات شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی فەرمیی باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی رای گەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ باڵەکەی دیکەی یەکێتی ھەیە لە بینای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، گوتی: "ھیچ کۆبوونەوەیەکی وا فراوان تا ئێستا نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە یەک بیناین و رۆژانە یەکتری دەبینین و قسە لەنێوان سەرکردەی ھەر دوو لا ھەیە و کراوە".



باسنیوز



Top