ئەدهەم بارزانی: ئەگەر ناوچەیەك بۆ پارتی ئارام نەبێت بۆ هیچ لایەنێك ئارام نابێ

 ئەدهەم بارزانی: ئەگەر ناوچەیەك بۆ پارتی ئارام نەبێت بۆ هیچ لایەنێك ئارام نابێ
ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێ پارتی لەگەڵ خۆپێشاندانێكە كە هەڵگری داوا و خواست و مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بێت. گوتیشی ئەگەر ناوچەیەك بۆ پارتی ئارام نەبێت بۆ هیچ لایەنێك ئارام نابێ.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەدهەم بارزانی ڕایدەگەیەنێ بەفڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتووە ئەگەر خۆپێشاندانەكەی سبەینێی سلێمانی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بێت و كاتەكەی دیاری بكرێت، ئەوا ئەو لەو ماوەیەدا دەست لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەكێشێتەوە و دەچێتە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندەران و دروشم بەرز دەكاتەوە.

لەبارەی ئەوەی هەمیشە دەستی تۆمەت بۆ پارتی درێژ دەكرێت كە هۆكاری ئەم قەیرانانەیە، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند بەڕاستی بۆ منیش پرسیارە، پارتی لە كۆی زیاتر لە بیست وەزیری حكومەتی هەرێم، تەنها پێنج وەزیری هەیە، لایەنەكانی دیكەش لە حكومەتن و بەرپرسیارێتیان هەیە، تەنها درێژكردنی پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی زۆر جێگەی پرسیارە، پێویستە داواكان ئاراستەی حكومەت بكرێ، نەك پارتی تۆمەتبار بكرێت.

ئەدهەم بارزانی جەختیشی كردەوە، ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە جارێكی دیكە جێگەی مەحاڵە پارتی قبووڵی بكاتەوە، ئەگەر ناوچەیەك بۆ پارتی و كادیرەكانی ئارام نەبێت، ئەوا بۆ هیچ هێز و لایەنێكی سیاسیی دیكەش ئارام نابێت، چونكە پارتی هەڵقوڵاوی خەڵكە.

ئەدهەم بارزانی ئاگاداری خەڵكیش دەكاتەوە، كە هێرشكردنە سەر بارەگا و دامودەزگا حكومیەكان جگە لە قووڵكردنەوەی قەیرانەكان و دروستكردنی بارگرژی، دواجار ئەوەی زەرەرمەند دەبێت لێی تەنها خەڵكە، بۆیە دەبێت خەڵك هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی كوردستان بكەن.







باسنيوز
Top