دیندار زێباری: هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێم و رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان رەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەبات
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەنێودەڵەتییەکان رێوشوێنی کارکردنی لەگەڵ سکرتاریەتی لیژنەکە بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە روونکردەوە، بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە بتوانن بە باشترین شێوە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەن و هاوکاربن لە وەڵامدانەوە و بەدواداچوونی ئەو (راپۆرت، لێدوان، ئیمەیڵ، کەیسی تایبەت، هەڵوێستی راگەیەندراو) کە لەسەر حکومەتی هەرێم دەردەچن. هەروەها د.دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر هاوکاری و پەیوەندی نێوانیان لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە، چوونکە ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی ورد و دروستتر حکومەتی هەرێم لە کەموکورتی ناو کەمپەکان و رێگاکانی باشترکردنی رەوشی ژیانی ئاوارەکان ئاگادار بکەنەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرپەرەشتی د. دیندار زێباری بەڕێوەچوو، تیشکخرایە سەر گرینگی کۆبوونەوەکە و دواین کار و چالاکییەکانی لیژنەی باڵا و لیژنەی بەدوداچوونی راستییەکان لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە و خستنە رووی دەرەنجامی کارەکانی لیژنە بۆ نوێنەرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، هەروەها لیژنەکە داوای لە هەموو بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد کە هاوکاری لیژنەبن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵسەنگاندنی پێویست و وەڵامێکی بە بنەما بۆ لایەنە نێودەوڵەتیەکان هەبێت و ئەوەی لە ئەرزی واقیعدا روودەدات بۆ خەڵک بخرێتە روو نەک چەواشەکاری تێدا بکرێت.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە کارەکانی لیژنەی باڵا و لیژنەی دەرخستنی راستییەکانیان بەرز نرخاند و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامادەن هەر کارێک کە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت و رەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون ببات بیکەن و درێغی تێدا ناکەن، هەروەها دوایان کرد کە حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە بەدواداچوونی جددیان بۆ کەموکورتیەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانیش هەر تێبینی و بۆچوونێکیان لەسەر بابەتەکان هەبێت بۆ لیژنەکەی رووندەکەنەوە.
لە کۆتاییدا زێباری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندی بەردەوام لەنێوان کارمەندانی هەماهەنگی، ئەندامانی لیژنەکە و نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەبێت بە مەبەستی ئاڵ و گۆڕی زانیاریەکان و بۆ ئەوەی کەموکەڕیەکان بگاتە شوێنی مەبەست و هۆکاری کەموکوڕیەکان دیاری بکرێت. لەهەمانکاتدا هەوڵەکانی حکومەت لە هەموو بوارەکاندا بخرێتە روو و راستی رەوشی ناوچەکان و شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئاوارە و پەنابەران بۆ رای گشتی روون بکرێتەوە.
