سوپای پاسداران بنکەی زیاتر لە سنوورەکانی کوردستان دادەمەزرێنێت
بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە جیا لە کردنەوەی بنکەیەکی نوێی سەربازی لە شاخی وەنەوشەی سەقز، بڕیارە لە بەرزاییەکانی "سوورێن"ی مەریوان و "تەڕگەوەڕی" ورمێ بنکەی نوێی سەربازی کە بەکەلوپەلی ئەلیکترۆنی و کامیرا و تێلبەند تەیار کراون، ساز بکرێن.
سەرچاوەیەکی سوپای پاسداران لەم بارەوەدەڵێن: "هەنووكە هێزەکانی تایبەت بە سوپا لە حالی کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر ناوچەکانی هاتوچۆی پێشمەرگەکانی پارتەانی ڕۆژهەڵات دان و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری سازکردنی بنکەی نوێیان لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، سەقز و ورمێ دەرکردوە."
سەرچاوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەڵێن "سوپای پاسداران لە شار و دێهاتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان کۆڕ و کۆبوونەوەگەلێکی جیاوازی بەڕێوە بردووە و لەو دانیشتنانەدا مامۆستایانی مزگەوتەکانیان راسپاردووە کە دەبێ خەڵک زیاتر هان بدەن بۆ ئەوەی کە یارمەتیی زۆرتری هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری زانیاری و هەرچەشنە هاوکارییەکەوە بن. بانگەشەی خەڵک بۆ هاوکاریی زیاتر لەگەڵ سوپای پاسداران لە بەرچاوترین کارەکانی ئەوانە لە چەند حەوتووی رابردوودا."
بەپێی ئەم راپۆرتە هێزەکانی سوپا لە زۆربەی گوندەکانی سەر سنوور لە حاڵی ئامادەباشیی تەواو دان. ئەم جموجۆڵانەی سوپا دەگەڕێتەوە بۆ شەڕوتێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەی حدک و حدکا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران.
بەرپرسانی باڵای حدکاش پێداگری لەسەر درێژەدان بە جموجۆڵی پێشمەرگەکانیان لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن.
لە رۆژانی ڕابردوودا لە ناوچەی پیرانشار تێکهەڵچوونیک لە نێوان پێشمەرگەکانیی حدکا و سوپای پاسداران رووی داوە کە پێشمەرگەیەکی حدکا بەناوی ڕەحیم عەبدوڵڵانژاد ناسراو بە ڕەحیم گەرگوولی شەهید بوو و تا ئیستا زانیاریی زیاتر لە سەر کوژراو و بریندارەکانی سوپای پاسداران بڵاو نەکراوەتەوە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا لە ئەنجامی تێکهەڵچوونەکانی نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی "ئازاد ئاڵی و ئەمیر نەستانی" لە ناوچەی سەردەشت، شەهید بوون.
لە ماوەی جوار ڕۆژی ڕابردوودا لە دوو پارێزگای سنە و کرماشان، چوار ئەندامی کوردی سوپای پاسداران بەدەستی کەسانی نەناسراوە کوژراون ناوەی دوو کەس لە کوژراوەکان کەلە هەورامان و شارەدێی باینگان بوون بریتین لە " نەسیرەدین سەجادی و ئەدەڵان میهران."
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 20 ئەندامی سوپای پاسداران لە ناوچەکانی هەوروەها بۆکان، ورمێ، مەهاباد، سەقز، سنە، کرماشان، سەرپێڵ، هەورامان، شنۆ و سەردەشت بەدەستی چەکدارانی نەناسراو کوژراون."
باسنيوز
