ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەی 70 و 80ی پێشمەرگە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، ئاماژە بەوە دراوە، ئەوان وەک تەواوی پێکهاتەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، ئامادەن ڕێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانیان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکەن، تاکوو منداڵانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و منداڵانی پێشمەرگە و شەهیدان بە تایبەتی، لە خوێندن و پەروەردە بێبەش نەبن“.

ئەنجومەنی ئاسایش هیوای خواستووە، هەرچی زووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری “مکوڕتر و چاکسازی و گۆڕانکاریی پێویست لە حکوومەتدا، هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانی دارایی بنێت”.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

‎راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

‎جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان

‎وەک پاڵپشتی بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەیەی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێم لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ، کە ئامادەن رێژەیەک لە مووچەکانیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن و دابین کردنی مووچەی مامۆستایان تەرخان بکەن، ئێمەش وەک گشت پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەین رێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانمان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەین تاکو منالانی هەرێم بە گشتی و مناڵانی پێشمەرگە و شەهیدان بە تایبەت لە خوێندن و پەروەردە بێبەش نەبن. ئەفسەران و کارمەندانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش، چ راستەوخۆ لە بەرەکانی جەنگ و چ لە ناوەوەی هەرێمدا، گیانیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و ڕاگرتنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم، بۆیە ئێستاش ئامادەین بە رێژەیەک لە مووچەکانمان بەشدار بین لە چارەسەریی بەشێک لە کێشەکانی هەرێم. وێڕای ئەمە هیوادارین هەرچی زووتر حکومەتی هەرێم بە گرتنەبەری رێکاری مکوڕتر و چاکسازی و گۆڕانکاری پێویست لە حکومەتدا، هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە داراییە، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەک و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی.



‎ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

26\9\2016









باسنیوز
Top