پارتی: ئەوەی لە عێراق دەكرێت كودەتایە و مالیكی سەرپەرشتی دەكات
ئەحمەد كانی، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەكانی پارتی دیموكراتیی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئەوەی لە عێراق هەیە، تۆڵەكردنەوە و كودەتایە، چونكە لادانی وەزیرەكان بە خالید عوبەیدی و هۆشیار زێباری ڕانەوەستا، بەڵكو دەرئەنجام حەیدەر عەبادی دەكرێتە ئامانج، دیارە ئەوان ئەجێندایەكیان هەیە، ئەویش پاكتاوكردنی حكوومەتی عێراقە".
ئەوەشی ڕوون كردەوە: "ئامانجی ئەو پاكتاوییە، لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی یاسا و نووری مالیكییە، چونكە مالیكی پاكتاوی ئەو وەزیرانە دەكات كە لێی دوورن، یان كێشەی لەگەڵیاندا هەیە، دواتر عەبادیش دەكاتە ئامانج". گوتیشی: "مالیكی دەیەوێت ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران، بەڵام ئەمجارە كە بووەوە سەرۆك وەزیران، لادانی ئاستەم دەبێت".
لەبارەی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشەوە، بەتایبەتی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەحمەد كانی ئەوەی خستەڕوو: " ئەگەر یەكێتی و پارتی بەیەكەوە بن، دەتوانن ئیدارەیەكی جوانی كوردستان بكەن، چونكە دوو هێزی سەرەكین، بۆیە پێمان باشە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی چارەسەر بكرێت و توندوتیژیش لە بەرژەوەندیی كەس نابێت".
دوێنێ یەکشەممە 25\9\2016، ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) ئاشکرای کرد، لە عێراق هەوڵێکی بەرفراوانی کودەتا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەڕێوە دەچێت و هەریەک لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و باڵەگەی، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی لەو هەوڵە دەکەن.
باسنیوز
