ئاری هەرسین: پارتی لەو سلێمانییەدا تاکە بەڕێوەبەرایەتییەکیشی بە دەستەوە نییە، بۆ دەبێ خەڵک هێرش بکاتە سەر بارەگاکانی
(ئاری هەرسین) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە ڕایگەیاند: "خەڵكی سلێمانی خەڵێكێكی بەئاگان و بەوە ناسراون خەڵكێك نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیر و بەئاگان، باوەڕ ناكەم خەڵكی سلێمانی حەز بكەن ڕەوشی شارەكەیان تێك بچێ، بەڵام لەوانەیە خەڵكی ئاواژەگێڕ و لابەلا هەبێت شتێك بكەن بۆ تێكدانی رەوشەكە و، ئەویش بڕوا ناكەم شتێكی ئەوتۆیان پێ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەك هەیە، ئەگەر لە ناوچەی سلێمانی بە گەرمیان و هەڵەبجەوە هەر هێرشێك بكرێتە سەربارەگاكانی ئێمە من خۆم بزووتنەوەی گۆڕان بەپلەی یەك و دواتر یەكێتی بە بەرپرسیار دەزانم.
پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "لەو ناوچەیەدا ئێمەی پارتی، نەک دەزگایەکی ئەمنیمان بە دەستەوە نییە، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییەکیشمان بە دەستەوە نییە؛ کەوابێ بۆچی خەڵك بێتە سەر بارەگای پارتی، با خەڵك گلەیی لەوانە بکەن وا شار و ناوچەكەیان بە دەستەوەیە؛ خۆ پارتی فەرمانگەی ئاو و كارەباشی بە دەستەوە نییە."
هەرسین دەڵێ: "خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی تووڕە ببێ؛ گلەیی بكات؛ مافی خۆیانە ناڕەزا بن لەو مووچەدواكەتنە؛ ئێمەی پارتییش لەگەڵ مافی خەڵكداین، كێشەكە ئەوەیە هەموو كاسەوگۆزەكە دەشکێنن بە سەر پارتیدا؛ گوایە هەرچی مسیبەتی دنیا هەیە خەتای پارتیی تێدایە؛ قسەیەکی ناڕەوایە."
KDP
