نەجات حەسەن: بۆ هەموو بابەتێك قسەی خۆمان دەبێت و دەستەوەستان نابین..لایەنگرانمان بارەگاكانی حزب دەپارێزن

 نەجات حەسەن: بۆ هەموو بابەتێك قسەی خۆمان دەبێت و دەستەوەستان نابین..لایەنگرانمان بارەگاكانی حزب دەپارێزن
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێ، ئەگەر لە پەنای خۆپێشاندانەوە بەدەستلەپشت دانی لایەنێك خەڵكانێك بیانەوێت دووبارە پەلاماری بارەگاكانی پارتی بدەن هەڵویستمان وەكو جارەکەی تر نابێت و بۆ هەموو بابەتێك قسەی خۆمانمان دەبێت و دەستەوەستان نابین. ئیمە بە دەیان هەزار كادیر و لایەنگرمان لە سەرجەم ناوچەكاندا هەیە كە بارەگاكانی حزب دەپارێزن.

(نەجات حەسەن) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئازادیی ڕادەربرین شتێكی نۆرماڵە و هاووڵاتیان مافی خۆیانە خۆپێشاندان بكەن و بەپێی یاساوڕێسا ناڕەزایەتی بکەن لەو ڕەوشە خراپەی ژیانیان؛ وەكچۆن ئەمڕۆ هاووڵاتیان لە چەندین شوێنی كوردستان بە هێمنانە گرد بوونەتەوە و، بە شێوەیەكی جوان ناڕەزایی دەردەبڕن و ڕای خۆیان دەخەنە ڕوو. بەڵام ئەگەر خەڵكانێك خۆیان تێكەڵی خۆپێشاندانەكان بكەن لە هەرشوێنێكی ئەم هەرێمە و بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی دیاریكراو بەلاڕێیدا ببەن و، هێرش بكەنە سەر دام و دەزگاكانی حكوومەت شتێكی زۆر نامرۆڤانە و نادیموكراسیانە و نەخوازراوە و ئێمە دژین."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەیشی دا: "ئەگەر لە پەنای خۆپێشاندانەوە بە فیتی لایەنێك خەڵكانێك بیانەوێت پەلاماری بارەگاكانی پارتی بدەنەوە، هەڵویستمان وەكو جاری پێشوو نابێت. چونكە ئەمە دەكاتە تەحریكێكی سیاسی و، بۆ هەربابەتێك قسەی خۆمانمان دەبێت و، دەستەوەستان نابین. ئیمە بە دەیان هەزار كادیر و لایەنگرمان لە سەرجەم ناوچەكاندا هەیە كە بارەگاكانی حزب دەپارێزن."

(نەجات حەسەن) ڕایشیگەیاند: "خۆ ئێمەش لەم مەملەكەتە دەتوانین بە لایەنگرانمان خۆپێشاندان بكەین، چونكە خزمەتگوزاری و باری ژیان لەم ناوچەیە كێشەی گەڵی زۆرەو بەرپرسانی ئیداری كەس نازانێ ساڵانای ڕابردوو چییان لە پارەكەی كردووە."














KDP
Top