کەمپینی کامیل بۆ ژیانەوە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە رایانگەیاند: "ئێمە وەک کەمپینی (کامیل بۆ ژیانەوە)، کە لە 28-8-2016دا لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی نیگەرانی خۆمان و هاونیشتمانیانی هەڵەبجەمان لەبارەی خراپی باری تەندروستی بریندارانی چەکی کیمایی هەڵەبجە بە گشتی و مامۆستا کامیل عەبدولقادر بە تایبەتی خستبووەڕوو، کە حاڵی بەڕێزیان بە ئاستێکی مەترسیدار گەیشتووە، خۆشبەختانە پاش گەیاندنی داواکەمان لە رێگەی کەسانی دڵسۆز و دۆستانی ئەم شارە لەلایەن نووسینگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، داواکەمان بە خێرایی وەڵامدرایەوە، ىڕیاری بە خێرا راییکردنی سەرجەم کارەکانی لەڕووی یاسایی بۆ دراوە".
رێکخەرانی کەمپینی (کامیل بۆ ژیانەوە)، ئەوەشیان راگەیاند "ئێستاش بڕیارە لە رۆژی 4-10-2016 لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری هامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەری پزیشکی بۆ ئەنجام بدرێت، هەر لێرەشەوە بەڵێنی دڵسۆزی خۆمان و هاوشاریان بۆ مامۆستا کامیل دووپاتدەکەینەوە، ئامادەیی هەر هاوکارییەکین بۆی".
رێکخەرانی کەمپینەکە ئاماژە بەوە دەدەن "ئێمە وەک کەمپین تەنیا چاومان لە مامۆستا کامیل نییەو تەواوی بریندارانی چەکی کیمیایی بە شیاوی چارەسەر دەبینین، کە ژمارەیان زیاتر لە 200 بریندار دەبێت".
رێکخەرانی کەمپینەکە نیگەرانی خۆیان لە دواخستن و تەواو نەکردنی کارەکانی نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دەربڕی و داوای روونکردنەوەیان لە حکومەت کرد.
رووداو
