پەرلەمانتارێکی کورد: ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نابێت کە بۆ مووچە لە بەغداوە دەدرێت
بڕیارە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن. دوێنێ شەممە 24\9\2016ش پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان گفتوگۆی کردووە.
لەمبارەیەوە حاکم سەرحان سێڵڤانەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ”ئەم گفتوگۆیەی بەغدا بێ سوودە و چی لێ بەرهەم نایەت، چونکە هەردوو یاسای بودجەی 2015 و 2016ی عێراق، بە فەرمی لە پەرلەمان دەرکرا و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە، کەچی حکوومەتی عێراق کاری پێ نەکرد و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەنارد کە 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بوو“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو هەوڵەی ئێستا دەدرێت، ڕاسپاردەیە و وەک یاسا بەهێز نابێت، دەشڵێت: ”لە باشترین حاڵەتدا، گریمان پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، مووچەی هەرێمی کوردستان بدات، ئایا بەغدا بە یاسای بودجەوە پابەند دەبێت یان بە ڕاسپاردە؟“.
لە کۆتاییدا حاکم سەرحان جەختی لەوە کردەوە کە هەردوو فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا، ”تەنیا دەیانەوێت کێشەکانی کوردستان بۆ بەغدا بگوازنەوە و هیچی دیکە، ئەگینا دڵنیان کە حکوومەتی بەغدا یاسا و دەستوور جێبەجێ ناکات“.
باسنیوز
