سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەسێدارە دران لە دوو مانگدا زیاتر لە 50 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون

 سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەسێدارە دران  لە دوو مانگدا زیاتر لە 50 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوێنێ شەممە 2016 -9 -24 لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز چوار هاووڵاتی لەسێدارە دران کە سێ کەسیان کورد و خەڵکی شاری سەردەشت بوون.



بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ناوی ئەو سێ کەسە بریتییە لە "عەبدولەکەریم باپیری، مەهدی مەڵایی و سەلاح قادریان" کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.



لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووشدا لە زیندانی تەبەس هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی ورمێ لەسێدارە درا.



بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای مانگی سیپتەمبەرەوە هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ئێران، پێنج هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون.



لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 50 هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.



ساڵی 2015 لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە 966 کەس لەسێدارە دراون کە تۆمەتی دوو لەسەر سێیان واتە 638 کەسیان مادە هۆشبەرەکان بووە.



باسنیوز

Top