توێژەرێکی سیاسی: پارتی دەوڵەتێک دروست دەکات و زۆنی سەوز و نیلیش دەبێتە معەسکەرێکی ئێرانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و گۆڕانیش ناچنە پاڵ پڕۆژەی سەربەخۆیی
بەهرۆز جەعفەر، توێژەری سیاسی و قوتابیی دکتۆرا لە بواری سیاسەتی ئابووریی نێودەوڵەتی، لە نووسینێکیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە داوە: “هەوڵ و تاکتیکێک هەیە بۆ دوو ئیدارەیی و دابەشبوون. ئەمە سیناریویەکە کە دەکرێت دوای ٢٧ی مانگ بە هەند وەربگیرێت”.
ئەو توێژەرە لە شیکردنەوەکەیدا پێی وایە کە دابەشبوونەکە بەجۆرێک دەبێت، پارتی دیموکراتیی کوردستان، دەوڵەتێک دروست دەکات. بەڵام: “هەرچی ئەم ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و گۆڕانە، ئەویش دوو ئەگەری هەیە: یان دەچنە پاڵ پڕۆژەکەی بارزانی، کە ئەمە زەحمەتە، چونکە ئەم ناوچەیە دەم سپی و ناوەندی بڕیاری لەدەستداوە، کەس گوێ لەکەس ناگرێ لەم زۆنەدا، پاشان ئێران وەکو جنۆکە چووەتە لەشیانەوە، دەرناچێت”.
بەهرۆز جەعفەر لە پێشبینییەکەیدا، ترسی زیاتری لە چارەنووسی زۆنی سەوز و نیلی هەیە و دەڵێت: “یاخود لەمەش زیاتر کە هەبووە، دەبێت بە مەعەسکەرێکی ئێرانی”. ئەو پێی وایە کە پارتی لەوە بێئومێد بووە، لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەدا هەڵبکات.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان کردووە کە بە مەترسی بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی زانیوە و دەڵێت: “ئاسانترین شت بۆ ئەم و ئەوی دەرەکی و ناوخۆیی ئەوەیە، بەیانی شتیک لە بارەگاکانی پارتی بکەن”.
پێشتر دیندار نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەدارێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندبوو: هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو ئیدارەدا دابەش بکرێت”. جەختیشی لەوە کردبووەوە کە “ئەو نامەیەی بۆ عەبادی نێردرا و داواکردنی مووچەی خەڵکی سلێمانی لە بەغدا، بەشێکن لەو هەوڵە”.
باسنیوز
