شەرقولئەوسەت: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و گۆڕان پشتگیریی مالیکی بۆ ئەنجامدانی کودەتا دەکەن
سەرچاوەیەک لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، مالیکی بە پاڵپشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، زۆرینەی شیعەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی سوننەی عێراق و باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵ دەدات کودەتا بەسەر حکوومەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای وڵاتەکەی ئەنجام بدات.
ئەو سەرچاوەیە بەڵگەی ئەوەی بۆ قسەکانی هێناوەتەوە، کە ئیئتیلافەکەی مالیکی بە هاوکاریی ئەو لایەنانە، وردە وردە وەزیرە کاریگەر و سیادییەکانی حکوومەتی عەبادی لە سەر کار لادەدات، کە بە وەزیری ناوخۆ دەستی پێکرد و دواتریش هەردوو وەزیرانی بەرگریی و داراییشی گرتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، نوری مالیکی هەوڵ دەدات ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ دوا بخرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە دەستکەوتێک بۆ عەبادی و ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو خۆی دەگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران و سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، دوا بخرێت.
چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە مانگی ئاداری 2014 و لەسەردەمی حوکمڕانیی نوری مالیکی شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
سیاسەتمەدار و لێکۆڵەران، مالیکی بە هۆکاری شکست هێنان و هەرەسی سوپای عێراقی بەرامبەر داعش تۆمەتبار دەکەن و پێیان وایە ئەو هۆکاری شەڕی تائیفیی عێراق، هێرشی داعش و زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.
باسنیوز
