توێژەرێك: خەڵك بە دڵەڕاوکێیەوە پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن دەكەن
سامان سیوەیلی، توێژەری دەروونی و بەرپرسی توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئەو قەیرانە داراییە، كاریگەرییەكی قورسی لەسەر دەروونی مامۆستا و قوتابی هەیە، هی مامۆستایان بە ڕاستەوخۆ هەیە، چونكە خۆی خاوەنی خێزانە و بژێوی خێزانی لەسەرە، هەمیشە دڵەڕاوكێیان هەیە، لەبەرئەوەی نازانێ ئەو بارە تا چەند دەخایەنێت، ئەوەش دەبێتە گوشاری دەروونی و خۆی دەخواتەوە، لە بەرانبەردا هیچیشی پێ ناكرێت، بۆیە بەڵێ ئەمساڵ مامۆستایان لە بارێكی دەروونیی زۆر خراپ دان".
ئەو توێژەرە، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "قوتابیش بە هەمان شێوە لە ئەگەر لە بنەماڵەیەکی مووچەخۆر بێت، ناتوانن پێداویستییەكانی خوێندنیان بۆ ئامادە بكەن، لەوانەیە لە قوتابخانەی ئەهلی بێت، ئێستا بەهۆی قەیرانەوە بگەڕێتەوە قوتابخانەی حكوومی، لەو كاتەدا ژینگەی لێ دەگۆڕێت و ڕووبەڕووی ژینگەیەكی نوێ دەبێتەوە، جگە لەوە قوتابخانەی ئەهلی و حكوومی، دوو سیستەمی زۆر جیاوازن، بۆیە منداڵیش هەست بە ئاسایشی دەروونی ناكات".
بەرپرسی توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: "بە قوتابی و مامۆستاەوە گەڵێك كەموكوڕییان هەیە، چونكە خەڵك بەگشتی تێكچوونێكی مەزاجی دەژێت، خەڵك بە دڵ و دەروونێكی زۆر ناجێگیر و ناخۆشەوە پێشوازی لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دەكات، لەو لایەشەوە هەڕەشەی بایكۆتی هەندێك مامۆستایان و قوتابخانەكان، ئەوەش كاریگەریی لەسەر كۆی پڕۆسەی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، تەنانەت لەو پارێزگایانەی كە بایكۆتیشی تێدا ناكرێت".
باسنیوز
