ڕاوێژكارێكی یەكێتی: گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان شتێكی ئەستەم نییە
سۆزان خاڵە شەهاب، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: "بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان، هەر هەوڵێك لە ئاستی حزبەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بدرێت، ناكامل دەبێت، چونكە حزبەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان دانیشتن لەگەڵ یەكتری ڕەتدەكەنەوە، تۆ بۆ ئەوەی ئەم گرفتە چارەسەر بكەیت، دەبێت دامەزراوەی پەرلەمانی كوردستان، لەناوخۆی خۆیدا ئەم گرفتە چارەسەر بكات".
گوتیشی: "دەكرێت بەپێچەوانەوەی بیركردنەوەی ئێستاوە حزبەكان بۆچوونی خۆیان بدەنە پەرلەمانتاران لەوێوە بۆچوونەكان بخرێتەڕوو وەك هەموو وڵاێكی دیكە پەرلەمان شوێنی ململانێ سیاسییەكانە، بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكێكە لەو كارانە یارمەتی دەر دەبێت بۆ چارەسەر كێشەكان".
ئەو ڕاوێژكارەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەوەشی خستەڕوو: "دەكرێت سەرەتا كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، دواتر بڕیار لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بدرێت، ئەو كاتە حزبەكان ئاگاداری ئەندامانی خۆیان دەكەنەوە كە دەیانەوێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بگۆڕێت، بۆیە گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، شتێكی مەحال نییە، كارێك نییە نەتوانرێت ئەنجام بدرێت".
باسنیوز
