بەهۆی لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری، گفتوگۆ ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ جیهاندا وەستا

 بەهۆی لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری، گفتوگۆ ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ جیهاندا وەستا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ دوای دوورخستنەوەی (هۆشیار زێباری) گفتوگۆ نێودەوڵەتییە ئابوورییەكانی عێراق لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی جیهانی وەستاوە, چونكە لەم كۆبوونەوانە دەبێ وەزیری دارایی ئامادە بێت، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم قەرزە نێودەوڵەتیانەی بڕیار بوو بە عێراق بدرێت بوەستێت.

حاكم (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) ڕایگەیاند: "وەرگرتنەوەی متمانە لە (هۆشیار زێباری) كاریگەرییەكی نەرێنی زۆری كردووەتە سەر ئابووری عێراق، چونكە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی جیهانی زۆر بەرەو كزی چووە.

خۆ پێشووتر سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نیویۆركەوە پەیامێكی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەوانە كردبوو بۆئەوەی بابەتی سەندنەوەی متمانە لە زێباری دوا بخرێت، چونكە ئەو پێی وابوو ئێستا لە گفتووگۆدان و كەسایەتی زێباری زۆرگرینگ و كاریگەرە بۆ كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان."

(سلێڤانەیی) ئاشكراشی كرد: "ئێستا گفتووگۆ نێودەوڵەتیە ئابوورییەكانی عێراق لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی جیهانی وەستاوە، چونكە لەم كۆبوونەوانە دەبێ وەزیری دارایی ئامادەبێت. چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم قەرزە نێودەوڵەتیانەی بڕیاربوو بە عێراق بدرێت بوەستێت، چونكە كەسایتی زێباری كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەم بابەتە هەبوو. تا وەزیری نوێ دەستبەكار دەبێت و دەكەوێتەوە نێو پەوەندییەكان كاتێكی زۆر دەبات."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە: "لۆبییەكی زۆر كەوتووەتە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دژ بە كورد و عەبادی و پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكەن. هەر ئەم لۆبیەش وایكرد كە پەلەیەكی زۆر لە بابەتی زێباری بكرێت و لەژێر گوشاری ئەم تاقمە متمانە لە زێباری سەندرایەوە."













KDP
Top