عەونی: تۆمەتاكانى سه‌ر زێباری لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە.. كێ بەقەد مالیكی گەندەڵە

 عەونی: تۆمەتاكانى سه‌ر زێباری لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە.. كێ بەقەد مالیكی گەندەڵە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ، لادانی (هۆشیار زێباری) كردارێكی قیزەونی سیاسی بوو، ئەو تۆمەتانەیشی باس دەكرێن لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە و دەردەكەوێ كە چۆن سەدی سەد دژایەتییەكی سیاسی بووە بەرانبەر بە پێگەی كورد.

(عەلی عەونی) ڕایگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە كردارێكی بەرنامەبۆداڕێژراودا ماوەیەك لەمەوبەر جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و چەندین پۆستی گەورەی تری لە كورد وەرگرتەوە بە ناوی چاكسازییەوە، لەلایەكی تریشەوە هەمان شت بەرانبەر بە سوننەكان كراوە. وردە وردە هەوڵ دەدرێت عێراق بەرەو دەسەڵاتێكی شیعی ببرێت و دەست بەسەر جومگەكانی دەسەڵاتی عێراقدا بگیردرێت".

(عەونی) جەختیشی كردەوە: "لادانی (هۆشیار زێباری) كە وەزیری دارایی عێراق بوو، كردارێكی قیزەونی سیاسی بوو، ئەو تۆمەتانەیشی باس دەكرێن لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە و دەردەكەوێ كە چۆن سەدی سەد دژایەتییەكی سیاسی بووە بەرانبەر بە پێگەی كورد و چۆن برادەرانی كورد لە بەغدا بوونەتە پێخۆری (مالیكی) و دەنگیان لە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەوان داوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر بابەت گەندەڵی بێت، كێ بەقەد (مالیكی) گەندەڵە؟، كێ بەقەد سیستەمی عێراق گەندەڵە؟ خۆ ئێستایش دەیان بەرپرسمان هەن لە دەسەڵاتدا نەماون و خاوەنی فەوجێك پاسەوانن لەسەر پشكی حكوومەت".

















KDP
Top