هێمن هەورامی: دەوڵەتی کوردستان پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەخاتەوە
رۆژی هەینی 23ـی ئەیلوولی 2016، هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لە میانی بەشداریکردن لە دانیشتنێکی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی هاتنی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە شەڕ دژی ئەو گرووپە بەردەوام دەبێت.
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داعش هەڕەشەیەکی جیهانییە و پێویستیی بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەیە، ”دەبێت پێشمەرگە زیاتر پڕچەک بکرێت و ھاوکاریی زیاتری بەدەست بگات، بۆ ئەوەی داعش لەناو ببرێت“.
هەروەک ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بڵاوی کردووەتەوە، چەندین بەرپرس، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیی وڵاتانی عوممان، ئیماڕات، تورکیا، ئێران، چین، ڕووسیا، ئۆپۆزسیۆنی سووریا، میسر، ئەمەریکا و عێراق لە دانیشتنەکەدا بەشدار بوون و هەورامیش نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی دەکرد.
لە گوتەکەیدا، ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە کورد لەگەڵ ئارامبوونەوەی بارودۆخی سووریایە و ”دەبێت ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرنامەیەکی گشتگیری ھەبێت تاوەکو بتوانن ھەموو لایەنەکان رووبەڕووی (ئەسەد) ببنەوە و ھەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی ھەر پڕۆژەیەک دەبێت، کە مافی کوردی تێدا بەرجەستە بکرێت و سیستەمێکی دیموکراسییانە بونیاد بنێت“.
هێمن هەورامی پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و جیابوونەوەی لە عێراق هێناوەتە بەر باس و رایگەیاندووە، کە کورد هەوڵ دەدات دەوڵەتێکی سەربەخۆ بونیاد بنێت، تاوەکو هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی و نەهێشتنی پشێوی و شەڕەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ”عێراقیش لە کێشەی نێوخۆ دوور بخەینەوە“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای کرد و رایگەیاند، کە حکوومەتی عێراق هەرێمی کوردستان بە هاوبەش قبوڵ ناکات، هەرچەندە عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەسەر بنەمای هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکان دروست بووە، بۆیە ”عێراقی یەکگرتوو عێراقێکی شکستخوادوو دەبێت“.
باسنيوز
