ئاوارەکانی کەمپی دیبەگە دەگەرێنەوە شوێنەکانی خۆیان
رزگار عوبێد، بەرێوەبەری کەمپی دیبەگە رایگەیاند،
رۆژی شەممە 24ـی ئەیلوولی 2016 نزیکەی 447 خێزانی ئاوارەی کەمپی دیبەگە بۆ گوندەکانی عوسەجە و جەدعە لە شارۆچکەی گەیارە گەڕانەوە.
رزگار عوبێد ئاماژەی بەوەش کرد، کە رۆژێک پێش جەژنی قوربان، 173 خێزانی دیکەی ئاوارە لەکەمپی دیبەگە بە هەماهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگە، چەکدارانی عەشیرەتە سوننییەکانی ناوچەکە و بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێر گەڕاونەتەوە.
ئاوارەکانی کەمپی دیبەگە پێکهاتوون لە هاووڵاتییانی شاری مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا، کە لە ترسی چەکدارانی داعش پەنایان هێناوەتە بەر پێشمەرگە.
ئەو ناوچانە ئاوارەکان بۆی گەڕاونەتەوە، ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن سوپا و هێزە عێراقییەکان رزگار کرایەوە.
هەروەک بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
باسنیوز
