ئەنجومەنی سەربازیی حزبی دیموكرات ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

 ئەنجومەنی سەربازیی حزبی دیموكرات ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە
ئەنجومەنی سەربازیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سەبارەت شەڕ و تێكهەڵچوونی پێشمەرگەكانی حیزب لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەی پیرانشار، ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئاماژە بە شەڕ و تێکهەڵچوونی یەکشەممەی هەفتەی پێشوو لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزە ئەمنییەکانی ئێران کراوە کە تێیدا ژماەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون و پێشمەرگەیەک بەناوی ڕەحیم عەبدوڵڵانژاد، بریندار بووە و پاش چەند ڕۆژ مانەوە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بووە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لە درێژەی گەڕانی سیاسی ـ تەشكیلاتیی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی مووكریان، سەعات ٨ی ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی (١٨ی سێپتامبری ٢٠١٦) هێزێكی پێشمەرگەی حیزب لە ناوچەی پیرانشار لە نێوان ئاواییەكانی "قەبری حسێن" و "پردانان" لەگەڵ هێزە بەكرێگیراوەكانی رێژیم تووشی تێكهەڵچوون بوون. لە ئاكامی ئەو تێكهەڵچوونەدا ژمارەیەك لە هێزەكانی رێژیم كوژران و بریندار بوون و پێشمەرگەیەكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش بە ناوی "ڕەحیم عەبدوڵڵانژاد" كوڕی ئەبوبەكر ناسراو بە "ڕەحیم گەرگولی" بریندار بوو كە بەداخەوە بە هۆی كاریبوونی برینەكەیەوە پاش چەند ڕۆژ شەهید بوو و لە لایەن هاوسەنگەرانیەوە بە خاكی پیرۆزی كوردستان ئەسپێردرا.



حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهید ڕەحیم و هاوسەنگەرانی و خەڵكی ناوچەكە بە گشتی دەكات و هیوای بەردەوامیی تێكۆشان و پڕ ڕێبوار بوونی ڕێبازەكەی دەخوازێت.



شوورای نیزمیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

1395 -7 3ی هەتاوی

2016 – 9 -24ی زایینی
















باسنیوز
Top