داوای گۆڕینی قائیمقامی بانە دەکرێت

داوای گۆڕینی قائیمقامی بانە دەکرێت
چالاکانی سیاسی بانە لە کار و کردەوەی قائیمقامی شارەکەیان رازی نەبوون. دەڵێن: دەستی بە کڵاوی خۆیەوە گرتووە با نەیبات، لە ئاست رووداوەکاندا هەڵوێستی نیە و بەرژەوەندی خواز و موحافزەکارە.

ئەمانە هۆکاری ناڕەزایەتی تەنیا چالاکانی سیاسی بانە نییە، بەڵکوو دەردی حکومەتی رووحانیشە. کەم نین ژمارەی ئەو قائیمقام و پارێزگارانەی کە هێڵە سیاسییەکانی حکومەتی حەسەن رووحانی رەچاو ناکەن.

ئەمە لە ساڵانی رابردوودا رەخنەی زۆری لەسەر حکومەتی رووحانی هێنابووە ئاراوە کە پێکهاتەی جێبەجێکاری حکومەت لەگەڵ حکومەت هاوئاهەنگ نیە.

هەڵبژاردنی خولی داهاتووی سەرۆک کۆماریی تەنیا هەشت مانگی ماوە. ئەگەر حکومەتی رووحانی ئەمجۆرە کار و هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی ئاستی شار و پارێزگاکانی قبوڵ بکات، مەترسی راستەوخۆ لەسەر دەنگهێنانەوەی حەسەن رووحانی دروست دەبێت.

بۆیە وادیارە حکومەتی روحانی نایەوێت ئەم ریسکە گەورەیە بکات. پێشتر لە پارێزگای کرماشان ژمارەیەک لە قائیمقامەکان گۆڕدران. گەرچی ئەمیش خۆی هەموو کەسی رازی نەکرد. چونکە زیاتر جێگۆڕکێی قائیمقامەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بوو. رەخنەگرەکان گوتیان، ئەگەر کەسێک قائیمقامێکی باش نەبێت، چ جیاوازییەکی هەیە لە کوێ بێت؟!.

ئەمەش بەجۆرێک لە پارێزگای سنە دەبیندرێت. قائیمقامی نوێی شاری قوروە، قائیمقامی چەرداوڵ لە ئیلام بوو. بەڵام هەرچی بێت رەنگە گۆڕانکاری خراپ نەبێت. بۆیە پارێزگاری سنە جگەلە قائیمقامی قوروە، قائیمقامەکانی سێ شاری دیکەش دەگۆڕێت. بانە، دیواندەرە و بیجاڕ.

فەرهاد ئەکبەر پوور، چالاکی سیاسی، پێیوایە حکومەت بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن دەیەوێت دەستێک بە روخساری خۆیدا بێنێ و خۆی نۆژەن بکاتەوە. ئەکبەر پوور دەڵێت: نوێنەرەکانیش رۆڵیان لەم گۆڕانکارییەدا هەیە. حکومەتی رووحانی دەیەوێت نوێنەرەکان لێی رازی بن.

عەبدولموحەممەد زاهیدی، پارێزگاری سنە، سیاسیبوونی گۆڕینی هەموو قائیمقامەکانی رەتکردووەتەوە. نموونەش دەڵێت: قائیمقامی قوروە لەسەر داوای خۆی و بەپێچەوانەی ویستی ئەوان داوای کردووە کەسێکی لەجێ دابنرێت.

بەڵام ئاخۆ حکومەتی رووحانی لەم ماوە کەمەدا بە گۆڕینی بەشێک لە بەرپرسان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردن دابنێت؟!‌.





رووداو
Top