دەنگی ئەمریکا: نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا هەڕەشەی لە کەس نەکردووە
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئەو کەناڵە سەبارەت بەو دەنگۆیانە دەرکراوە کە لە هەندێک میدیای کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە بەیان سامی عەبدولڕەحمان هەڕەشەی لە هەندێک ڕۆژنامەوانی بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا کردووە.
کەناڵەکە باسیشی لەوە کردووە کە ئەو سیمینارە لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بووە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پرسێکی تێیدا نەکردووە و هیچ بابەتێکیشی نەورووژاندووە. ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: ”بەشی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا" لە دەنگی ئەمريكا (VoA) کە بەشی کوردی یەکێکە لە بەشەكانی، ڕوونیان کردەوە کە لێکۆڵینەوەیان لە ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی کوردی کردووە و لەگەڵ ئەو دوو رۆژنامەنووسەی دەنگی ئەمريكا قسەیان کردووە کە گوایە هەڕەشەیان لێ کراوە“.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە ئیمێڵێکدا بۆ بەیان سامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرایەتیی دەنگی ئەمريكا نووسیویەتی: ”دوای قسەکردن لەگەڵ ئەو دوو بەڕێزە، ئەوە ڕوون بۆتەوە کە هیچ کامێکیان داوای نەکردووە نوێنەرایەتییەكەت داوای لێبوردن بکات بۆ هیچ شتێك و هیچ قسەیەكی ناڕەزایەتییشیان دەرنەبڕیوە. ئێمە بە داخەوەین لەوەی هەر بەدحاڵیبوونێك یان هەر پەرێشانییەك کە لە ئەنجامی ئەو وتارەوە ڕوویدابێت. ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەو پەیوەندییە بەهێزەی کە هەمانە لەگەڵ ئێوە، و هیوادارین بەردەوام بین لە کارکردن لەگەڵ نوێنەرایەتییەكەتان“.
باسنیوز
