لە سلێمانی کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕفێندرا و بەرپرسێکی یەکگرتووش دەڵێ : گومانمان لە ئاسایشی سلێمانی هەیە
د. عومەر محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو لە سلێمانی، ڕاگەیاند: ڕووداوەکە لە سەعات 8:20 دەقیقەی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 24\9\2016 ڕوویداوە، عادل حەسەن کە کادیرێکی یەکگرتووە، چووە بۆ نانکڕین و ”لەناکاو هاوکاری کردوو ەو نانەواخانەکە بیستوویەتی کە گوتوویەتی، ئەم چەند کەسە دەیانەوێت من بڕفێنن و کەسوکارەکەم ئاگادار بکەنەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە خێزانی ڕفێندراوەکە بە تەلەفۆن ئاگاداری کردوونەتەوە و ئێستا ئەوان بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن. هەرچەندە بە دووری دەزانن لەسەر یەکگرتووبوون ڕفێندرابێت، چونکە بە گوتەی ئەو، یەکگرتوو هەوڵیداوە ئارامیی سلێمانی بپارێزێت. تەنانەت ئەو کۆبوونەوەیەی سەعات 6ی ئەمڕۆ لە سلێمانی بە بەشداریی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش دەکرێت، لەسەر پێشنیازی یەکگرتوو بووە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو، نیگەرانیی حزبەکەی بە ڕفاندنی ئەو چالاکوانە دەربڕی کە هاوکات ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازیشە و گوتی: ”داوا دەکەین دەزگا بەرپرسەکان بەپەلە سۆراغی بکەن، ڕفاندنی خەڵک پێشتر لە سلێمانی سابیقەی نەبووە، ئەگەر دەزگا فەرمییەکان لە پشتیەوە نەبن، ئاسان نییە. ئێمە گومان دەخەینە سەر دامودەزگا فەرمییەکانی ئاسایشی سلێمانی“.
باسنیوز
