پازدە ساڵ بەسەر کارەساتی خێڵی حەمەدا تێپەڕ دەبێت
پازدە ساڵ بەسەر کارەساتی خێڵی حەمەدا تێپەڕ دەبێت کە تێیدا ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەستی چەکدارانی جوندولئیسلام سەربڕدران.
ئەمڕۆ هەینی 23\9\2016، پازدە ساڵی تەواو بەسەر کارەساتی خێڵی حەمەدا تێپەڕ دەبێت کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی 2001دا چەکدارانی گرووپی جوندولئیسلام لە گوندی (خێڵی حەمە)، هێرشیان کردە سەر هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، 42 پێشمەرگەی یەکێتییان لەو ڕۆژەدا شەهید کردووە کە بەشێکیان سەربڕدراون. لەمبارەیەوە لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ویکیپیدیا)دا باس لەوە کراوە، تەرمی ھەندێک لەو پێشمەرگانە شێواندراوە، ئەویش بە “سەربڕین، دەرھێنانی چاو و بڕینی قوڕگ، زمان، لووت و گوێچکەیان”.
هێرشەکە لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ ڕووی داوە. چەکدارانی جوندولئیسلام لە سێ لاوە ھێرشیان کردووەتە سەر ئەو ھێزانەی یەکێتی کە لەو گوندەدا جێگیر کرابوون.
هەر سەبارەت بە ڕووداوەکە، سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانە، لە تۆمارێکی دەنگیدا ئەوەی نەشاردووەتەوە، ئەو لە نزیکەوە ئەو کەسانەی بینیوە کە بەشدارییان لە شەڕەکەی خێڵی حەمەدا کردووە و دەڵێت: “یەکێک لە دیلەکانیان سەربڕی، ئەوانەی بەشداریی خێڵی حەمەیان کردبوو، هەموویان شمشێریان پێ بوو. جوندولئیسلام فتوای سەربڕینی دابوو، بەڵام کاتێک زەلجەکە گەورەبوو و زۆر مەترسیدار بوو، فتواکەیان ڕاگرد”. ئەوەش ناشارێتەوە کە خۆی بینیویەتی فەرماندەی هێزەکەی یەکێتی، ملی بڕدراوە.
سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، لە تۆمارە دەنگییەکەدا، چەکدارانی جوندولئیسلام بە “برا” وەسف دەکات و دەڵێت: “هەموو ئەو برایانەی جوند کە من بینیمن، شمشێریان پێ بوو، بۆ ئەوەیان بوو کە یەکێتی واچاوترسێن بکەن، لە یەکەم هەنگاودا بترسێ و بەرەو خێڵی حەمە نەیەت”. دووپاتیشی کردەوە: “هەموو کاسێتەکەم دیوە کە جوندولئیسلام خۆیان تەسویڕیان کردبوو، هەمووم دیوە و مامۆستا کرێکاریش لە تۆمارێکدا باس دەکات کە کەسێکیان سەربڕیوە”.
خێڵی حەمە، ناوی گوندێکی دەشتی شارەزوورە کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باکووری خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە هەڵکەوتووە، دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان هەڵەبجە - خورماڵ لە لایەک و هەورامان و شارەزوور لەلایەکی دیکەوە.
k24-
