بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبوونه‌وه‌

 بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبوونه‌وه‌
له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند کە تێڕوانین و ڕای بارزانی بۆ ئەوان زۆر بە سوودە و دەیانەوێ سەرنجی ئه‌و لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ و شەڕی دژی تیرۆریستان سووریا بزانن.

ماڵپه‌ری فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژی هەینی (23ـ 9ـ2016) لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ جوزێف ڤۆتێڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سیڵیمەن باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گڕووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەرباس و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونەکان لەوبارەیەوە ڕاگەیاند و بە ناوی خۆی و وڵاتەکەیەوە ستایشی ڕۆڵی بارزانی و پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە تێڕوانین و ڕای بارزانی بۆ ئەوان زۆر بە سوودە و دەیانەوێ سەرنجی ئه‌و لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ و شەڕی دژی تیرۆریستان سووریا بزانن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باسی قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێ هاوشان لەگەڵ ڕێککەوتن و پلانی سەربازی بۆ ئازادکردنی موسڵ، ڕێککەوتنی سیاسی هەبێت تا سەقامگیری و ئاساییش لەو ناوچانە بەرقەرار بێت و ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا پارێزراو بێت و جارێکی دیکە سەر و ماڵیان نەکەوێتەوە بەر هەڕەشە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە سوریا کرا و بارزانی ڕا و سەرنجی خۆی لەبارەی ڕەوشی سوریا خستەڕوو و نیگەرانیی خۆی لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سووریا و داهاتووی خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە بەگشتی و چارەنووسی کوردی ڕۆژئاوا خستەڕوو و ڕایگەیاند کە هاوپەیمانان دەبێ زۆر بە دیقەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و هەماهەنگیی هەردوولا کرایەوە.





باسنيوز
Top