لە هەڵەبجە نارنجۆكێك هه‌ڵده‌درێته‌ ماڵی ئەفسەرێكی پێشمه‌رگه‌

 لە هەڵەبجە نارنجۆكێك هه‌ڵده‌درێته‌ ماڵی ئەفسەرێكی پێشمه‌رگه‌
لە گەڕەكێكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ نارنجۆكێك ھه‌ڵده‌درێته‌ ماڵی ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌ كه‌ هاوكات كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.

نەقیب نەریمان ئیمامی ، ئەفسەری پێشمه‌رگه‌ و كه‌ هاوكات كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ ڕایگەیاند:"كاتژمێر 12:20 خولەكی شەوی ڕابردوو ، نارنجۆكێك فڕێ‌ درایە حەوشەی ماڵەكەمان ، هەرچەندە هەندێ‌ زیانی ماددی بە ماڵه‌كه‌مان گه‌یشت ، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه‌ نەبوو".

گوتی: "هۆكاری فڕێدانی ئەو نارنجۆكە نازانم ، چونكە هیچ كێشەیەكی كه‌سییم لەگەڵ كەسدا نیە و گومانیشم لەكەس نیە ، بەڵام ڕەنگە بەهۆی بابەتی سیاسییەوە بووبێ‌ ، چونكە من جگه‌ له‌ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رم هاوكات كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشم".

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ش كرد كه‌ له‌دوای ڕووداوه‌كه‌ هێزە ئەمنییەكانی هەڵەبجە چوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوه‌یان ده‌ستپێكردووه به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

پێشتر فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ھەڵەبجە، ڕایگەیاندبوو كه‌ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە له‌ بارەگا و کادیر و ئەندامانی پارتی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت.





باسنیوز
Top