هۆشیار زێباری: دەوڵەتی یاسا و مالیکی لە پشت سەندنەوەی متمانە بوون لە من
هۆشیار زێباری گوتی: "بابەتی سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی کە هەموو لایەک پێی ئاشنایە، زۆر باکگراوندی هەیە، هۆکاریش هەبوو، لە زۆر رووەوە بەداخەوە دەڵێم هەندێک راستی بڵاونەکراوە وەک پێویست رادەگەیێنم".
هۆشیار زێباری دەنگدانەکەی پەرلەمان بە دەنگدانێکی سیاسی دادەنێت و دەڵێت: "ئەم دەنگدانەی دوێنێ سادە نەبوو، سیاسی بوو دەنگدانێکی دەتوانم بڵێم بە کینەو تۆڵەکردنەوەبوو لە کەسی وەزیر و لە هەرێمی کوردستان و لە حکومەتی حەیدەر عەبادی. رەنگە زۆر کەس دڵی خۆش بێت بەوەی ئەمە شکستە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جەنابی بارزانی یان پارتی دیموکراتی کوردستان، بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نە بە هۆشیار زێباری دەشكێت نە بە هەر وەزیرێکی دیکە".
لە درێژەی قسەکانیدا هۆشیار زێباری گوتی: "مەسەلەی لێپرسینەوە لە پەرلەمان ، ئێمە وەکو وەزیر وەکو بەرپرس وەکو فەرمانبەری خزمەتێکی گشتی موعەرەزین بۆ لێپرسینەوە، کەس لە سەرەوەی یاسقا نییە ئێمە دیسان بۆ هەموو خەڵکی عێراق سەلماندمان ئێمە ملکەچی یاسا و دەستوور و لێپرسینەوەی دەسەڵاتی یاسادانانین، بۆیە لە 25ی مانگی 8 لە پەرلەمان ئامادەبووین و وەڵامی هەموو پرسیارەکانمان بە راشکاوی دایەوە بەبێ خۆدزینەوە لە هەر پرسیارێک، بە بەڵگەنامە و گفتوگۆ و دۆکیۆمێنت، پێموایە شتێکی شارستانی و پیشەیی بوو ، خەڵکێک کە زۆر سەیری ئەو لێپرسینەوەیان کردبێت دەزانن بەڕاستی هیچ شتێکمان نییە لێی بترسین یان بیشارینەوە".
سەبارەت بە پرسی گەندەڵی و دەستپاکی، هۆشیار زێباری گوتی: "خۆمان دەناسین لەو بابەتانە زۆر زۆر دوورین، هەر شتێکیش کراوە بەڕاستی بەپێی یاساو دەسەڵاتەکان و رەزامەندی بووە، هیچ شتێکی نائاسایی نەکراوە، بۆیە ئێمە تۆمەتی گەندەڵی و خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حیسابی دارایی گشتی، بە تووندی رەتدەکەینەوە، ئامادەین هەموو تۆمارەکانی وەزارەتی دارایی بخەینە بەر دەستی هەموو لایەک بۆ ئەوەی سەیری بکات و بیبینێت، هەموو بە رەزامەندی بووە".
هۆشیار زێباری گوتی: "دوای دانیشتنی 25-8-2016ی پەرلەمانی عێراق، لەو لێپرسینەوەی کرا بەپێی دەستووری عێراق، دەڵێت گفتوگۆی لێپرسینەوەکە دوای 7 رۆژ ئەوکات دەست پێدەکات، ئەو یاسادانەرانەی ئەو دەستوورەیان داناوە ئەوە غەشیم نەبوونە، بۆ ئەوەی مەجال بە هەموو ئەندامێک بدات، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی پرسیار و وەڵامەکان بکات، بەدواداچوون لەسەر هەموو بەڵگەنامەکان بکات، دواتر مەسەلەی بڕواهێنانیەتی، ئەمە بەداخەوە نەکرا، چونکە مەسەلەکە سیاسی بوو، بۆ دوو رۆژ دواتر سەپاندیان، رۆژی پێنجشەممە لێپرسینەوەکە بەڕێوەچوو ، بۆ رۆژی شەممە خرایە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی کێ بڕوای بە وەڵامەکان هەیە کێ پێی نییە".
هۆشیار زێباری رەخنەی لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گرت و گوتی: "لە بنەڕەتدا دانیشتنی رۆژی 27-8 ئوسوڵی نەبوو، زۆر خروقاتی تەنزیمی و ئیداری تەنانەت دەستووریش کرا، کە ئیدارەی دانیشتنەکەش لەلایەن سەلیم جبووری بە داخەوە پیشەییانە نەبوو. سەلیم جبووری لەبری ئەوەی بڵێت کێ بڕوای بە وەڵامەکانی وەزیر دارایی نییە، پرسیارەکەی گۆڕی بەوەی کێ بڕوای هەیە، کەسیش تێنەگەیشت".
بەگوتەی هۆشیار زێباری تانە لە دانیشتنەکە دراوە لە دادگای دەستووری و گوتی: "ئێمە لە دادگای دەستووری تانەمان لەو دانیشتنەداوە، لەسەر ئوسوڵیەتی ئەو دانیشتنە، ئەوە مافێکی سرووشتییە ، کە ئەوەش مافێکی سرووشتی خۆمانە".
هۆشیار زێباری گوتی: "دوای یەک ، دووجار دواخستنی دانیشتنەکە، لەو ماوەیە هەوڵێکی زۆرماندا لەگەڵ سەرۆکی هەموو کوتلە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی ، بە کوردی و سوننی و شیعەو لایەنەکانی دیکەوە، کەس نەما دانوستاندنی لەگەڵ نەکەین لەسەر ئەو بابەتە. لای هەموو کەسێک ئەوە ئاشکرابوو، کە بابەتەکە سیاسییە، دوێنێش لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەڵێنیان دابوو بە ئێمە، بەو پێیەی لەگەڵ ئێمە دەبن، بەڵام کاتێک سەلیم جبووری پێداگری کرد لەسەر ئەوەی دەنگدانەکە بەشێوەی نهێنی بێت نەک بە ئاشکرا، دەرکەوت ئەوانەی بەڵێنیان بە ئێمە دابوو وانەبوو بە داخەوە".
هۆشیار زێباری باسی دەنگدانی نهێنی کرد لەسەر ئەو پرسە لە پەرلەمانی عێراق و گوتی: "لە هیچ پەرلەمانێکی دونیادا دەنگدان بەشێوەی نهێنی نییە، بەپێی دەستوور هەموو دەنگدانێک لە پەرلەمان بەشێوەی ئاشکرا دەبێت، لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان هیچ بڕگەیەک نییە دەنگدان بە شێوەی نهێنی بەڕێوە بچێت".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکە هۆشیار زێباری گوتی: "رۆژێک پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان، گەیشتینە کۆمەڵێک رێککەوتن، لەگەڵ خودی سەلیم جبووری و جێگری دووەم شێخ هومام حەمودی، بەو پێیەی رای ئەوان چییە لەسەر کۆکردنەوەی 103 واژۆ بۆ دووبارەکردنەوەی دەنگدان لەسەر پرۆسەی دەنگدان لەسەر بڕواهێنان بە وەڵامەکان، بەوپێیەی دانیشتنەکە ئوسوڵی نەبوو، ئەوان چەند رێگایان خستە بەردەممان بۆ ئەوەی ئەو پرسە دوا بخرێت، یەکێکیان شارەزایانی وەزارەتی دارایی داوا بکەن، وەزیری دارایی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و کۆنگرەی ساڵانەی دامەزراوەی دارای جیهانی، هاوکات یاسای بودجە هەیە کاری لەسەر دەکرێت، دووەمیان ئەگەر تانەیەکی هەیە لە دادگای دەستووری، ئەوا دادگا وەڵاممان بداتەوە بڵێت تانەیەک لەوبارەیەوە لە دادگایە، ئەوە بەسە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پرسە دوابخەین، ئەویشمان کرد، دادگای فیدراڵی نامەی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بەڵێ داوایەکی لەو جۆرەمان لەژێر دەستە، سێیەم گوتیان ئەگەر داوایەک لە حکومەتەوە بێت داوا بکات ئەو بابەتە بۆ ماوەیەک دوابخرێت، جەنابی سەرۆکوەزیران کە لە نیویۆرک بوو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو داوایە".
هۆشیار زێباری دەوڵەتی یاسا و نووری مالیکی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشتی سەندنەوەی متمانەکە بوون و گوتی: "کەچی لە دانیشتنی دوێنێ ئەو شتانەی لەسەری رێککەوتبووین، هەمووی پشتگوێ خران، هەتا پێشنیاری دەنگدانی ئەلیکترۆنیش رەتکرایەوە، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە روون و ئاشکرابوو، کە لایەنێک هەیە ئەویش دەوڵەتی یاسا و خودی کەسی مالیکییە، دیارە کینەیەکی زۆری هەیە نەک بەتەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر خودی سەرۆکی حکومەت، ئامانجەکەیان زیاتر رووخاندنی حکومەتە".
بەگوتەی هۆشیار زێباری: "ئێمە چەند دۆسیەیەکمان لە دەستی دەستپاکی و لە دادگا تۆمار کردووە، لەسەر گەندەڵی ئەو ئەندام پەرلەمانەی دوای لێپرسینەوەی کردووە، ئەو کێشانە مەودای خۆی دەبینێت، ئەندام پەرلەمانێک بانگەشەی ئەوە دەکات بەرەنگاری گەندەڵی دەبێتەوە و یاسادانەر بێت، کەچی زمەی مالی خۆی رادەستی دەستەی دەستپاکی نەکردووە.
سەبارەت بە دوا هەڵویستیان لەبارەی کشاندنەوە لە حکومەتی عێراق، هۆشیار زێباری گوتی: "ئێمە و بەغدا لەسەر ئەوە بابەتە دەبێت چاوخشاندەوەیەک بکەین، وەنەبێت بکشێینەوە لە حکومەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە راوەستانێکمان دەبێت بەخۆداچوونەوەیکمان دەبێت لەسەر ئەو دۆخە، ئێمە هەتا ئێستا پاڵپشتی لە عەبادی دەکەین، ئەمڕۆش دەگەڕێتەوە و قسەی لەگەڵ دەکەین، ئێمە چاومان نەبڕیوەتە پۆستەکە و وەزارەتەکە، لەلایەکی دیکەوە چاوەڕیی بڕیاری دادگا دەکەین و رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین".
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 بەدەنگی 158 پەرلەمانتار متمانەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق وەرگرتەوە، پرۆسەی دەنگدانەكە بە نهێنی بووە و 77 پەرلەمانتار دژی سەندنەوەی متمانە بوون و 14 دەنگیش بەتاڵ بووە.
RUDAW -
