بەرپرسێکی پارتی: لە دیمەشق و تارانەوە فەرمان بۆ گرووپەکەی پەکەکە لە کەرکووک دەردەچێت
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "دیارە بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) فەرمان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەردەگرن، ئاشکراشە دەبێت فەرمان لە دیمەشق و تارانەوە وەربگرن، بۆیە ئەمە مەترسی لەسەر شارەکە دروست دەکات، چونکە ھەر کەسێک ببێتە دەستکەلای بەغدا، ئەوە نییەتی ئەوەیە کە شارەکە نەگەڕێتەوە سەر کوردستان".
بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەندێک کەس دەیانەوێت بە چەکدارکردنی شاری کەرکووک، مەترسی لەسەر پێکھاتەکان دروست بکەن، تا ڕێگری لە گەڕانەوەی شارەکە بۆ سەر کوردستان بکەن".
پێشتر سەلیم زیلان، فەرماندەی ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە لە باشووری کەرکووک دان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندبوو، مانەوەی ھێزەکانیان لە کەرکووک، لەسەر داوای حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و گوتبووی: ”عەبادی فەرمانی پێ کردووین شەڕ بکەین“.
باسنیوز
