پەرلەمانتارێک: کێشەی باڵەکانی یەکێتی فراکسیۆنی حزبەکەی لە بەغدا دابەش کردووە

 پەرلەمانتارێک: کێشەی باڵەکانی یەکێتی فراکسیۆنی حزبەکەی لە بەغدا دابەش کردووە
پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ناکۆکیی نێوان باڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەرلەمانتارەکانی ئەو حزبەی بەسەر دوو بەشدا دابەش کردووە.

د. عەرەفات کەرەم، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “ئێستا پیلانێک لەبەغدا لەدژی کورد و پارتی دیموکراتیی کوردستان هەیە، بۆ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکی لە بەغدا نەبێت، بەڵام دەبێت لایەنەکان بزانن کە پارتی زۆر بەهێزە و بە پۆستێک لاواز نابێت، چونکە بەلادانی زێباری، پێگەی کورد هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە، ئەمە بڕوای زیاترمان بۆ دروست دەکات لەسەر ئەوەی کە بەغدا نایەوێت ئێمە شەریکی ڕاستەقینەی عێراق بین”.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە، گلەیی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات و بە “بێ هەڵوێست” وەسفیان دەکات. ئەوەش ئاشکرا دەکات: “سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغدا ئەگەر دەنگی بە نەخێر دەنگی بدایە بە
شێوەیەکی نهێنی ئاسایی بوو، بەڵام دوێنێ لەسەر پارچە کاغەزێک بە عەرەبی نووسیبووی (نعم) کە دەکاتە (بەڵێ بۆ لادانی زێباری) و بەناو پەرلەماندا دەیگێڕا و نیشانی پەرلەمانتارە عەرەبەکانی دەدا”.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: “دەبێت ئەوان دڵخۆش نەبن بە لادانی زێباری، چونکە خەڵکانی دیکەش لادەدرێن، لە کاتێکدا ئەو کاتەی هەوڵ بۆ گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان درا، پارتی دیموکراتیی کوردستان یەکەم هێز بوو کە دەنگی دا بۆ مانەوەی ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان بوو، بەڵام لەسەر وەزیرەکەی پارتی، بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانەکانی (یەکگرتوو، کۆمەڵ، یەکێتی و گۆڕان) لە دژی زێباری دەنگیان دا".

عەرەفات کەرەم ئەوەی ڕوون کردەوە کە کێشەی باڵەکانی یەکێتی لە بەغدا بە ڕوونی دیارە و ڕای دەگەیەنێت: “خەریکە یەکێتی لەبەغدا دەبێتە چەندین باڵ، بۆ نموونە پێش دەنگدان، ئاڵا تاڵەبانی هاتە لامان و گوتی، زێباری هێڵی سوورە، کەچی چوو بە نهێنی کاری دەکرد بۆ لادانی زێباری و کاری کرد بۆ ئەوەی دەنگدان نهێنی بێت، بۆیە دەبێت یەکێتی هەڵوێستی بەرانبەر بەو پەرلەمانتارانەیان هەبێت”.

ئەوەشی نەشاردەوە: “کێشەی باڵەکانی یەکێتی، پەرلەمانتارەکانی کردووە بە چەند بەرەیەک، چونکە ناکرێت ئاراستەی مەکتەبی سیاسییان ئەوە بێت، بە پەرلەمانتارانیان بڵێن دەنگ بە مانەوەی زێباری بدەن، کەچی پێوەیەوە پابەند نەبن”.







باسنیوز
Top