سەرۆك بارزانى و وەزیرى بەرگرى بەریتانیا لە کۆبوونەوەدان

سەرۆك بارزانى و وەزیرى بەرگرى بەریتانیا لە کۆبوونەوەدان
پێش کەمێک کۆبوونەوەى و سەرۆك بارزانى و وەزیری بەرگری بەریتانیا لە پیرمام دەستیپێکرد و بڕیارە ڕەوشی هەرێمی کوردستان و شەڕی دژی داعش تاوتوێ بکەن.

مایکڵ فاڵۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا ئێوارەی دوێنێ ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٦ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێم و ئێستاش لەگەڵ بارزانیدا کە لە ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠١٥وە بۆچوونی جیاواز لەسەر پۆستەکەی هەیە، لە پیرمام لە کۆبونەوەدایە .

بەپێی زانیارییەکان وەزیری بەرگری بەریتانیا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم و سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکراوە.

هەروەها وتیشی "لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغداد تاوتوێ دەکەن".

چاوەڕوانیش دەکرێت مایکڵ فاڵۆن سەردانی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بکات لە هەولێر کە سەرقاڵی ڕاهێنانی هیزە عێراقییەکانن بۆ شەڕی داعش.

وەزیری بەرگری بەریتانیا دوێنێ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیش وەک حەیدەر عەبادی سەرک وەزیرانی عێراق و فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.

بەریتانیا یەکێکە لە وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات و تا ئێستاش جگە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی، بە ناردنی ڕاوێژکار و کەلوپەلی
سەربازی هاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراقی کردووە.
Top