تاریق حەرب: لە بەغداوە بە شێوەیەکی کەسی بارزانی کراوەتە ئامانج

 تاریق حەرب: لە بەغداوە بە شێوەیەکی کەسی بارزانی کراوەتە ئامانج
یاساناسێکی ناوداری عێراقی ئاشکرای کرد، بڕیاری لادانی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق، بە ئامانجگرتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 22\9\2016، تاریق حەرب، یاساناسی ناوداری عێراق، ڕاگەیاند، بابەتی لادانی زێباری زۆر مەزنە و سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار کە بەشێکیان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئامادە نەبوون و بەشێکیشیان دەنگیان بە لادانی نەداوە، لەو بڕیارە ڕازی نین.
تاریق حەرب پێی وایە، بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لادانی بارزانی بڕیارێکی کەسی بووە و گوتی: ”بارزانی بە کەسی کراوەتە ئامانج“. هاوکات پرسیاری ئەوەی کرد: ”بۆچی تەنیا ئیئتیلافی موتەحیدوون و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە بەرژەوەندیی زێباری بڕیاریان دا؟“. ئەوەش ناشارێتەوە کە پەرلەمانتارانی عێراق لە بڕیاری سەرکردایەتیی حزب و کوتلەکانیان یاخی بوون.



ئەو یاساناسە عێراقییە دووپاتی کردەوە: ”لە پەرلەمان، دۆسیەی سەندنەوەی متمانەیان لە وەزیری دارایی عێراق بە کەسی وەرگرتبوو، دەیانویست کارێک بکەن هیچ وەزیرێک بوێریی ئەوەی نەبێت کە قسە بە پەرلەمانتاران بڵێت، هەرچەندە زێباری کارێکی هاوشێوەی خالید عوبێدی، وەزیری بەرگریی لەکارلادراوی عێراقی ئەنجام نەدا“.



لە کۆتاییدا ئەو یاساناسە عێراقییە دەپرسێت: ”ئایا بارزانی وەڵامی ئەو گورزە دەداتەوە کە پەرلەمانی عێراق وەشاندی؟“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، هەریەک لە عەممار حەکیم، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و بەرپرسانی ئەمریکا، لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری سەندنەوەی متمانە لە زێباری نەدرێت. گوتیشی: ”بڕیارەکە زۆر گەورەبوو، پێم سەیرە کە دەبووایە هەر ئێوارەی دوێنێ لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی باڵا بەرامبەر بەو بڕیارە بکرێت، چونکە ئەوە کۆتاییهاتنی پەیوەندیی هەولێر و بەغدایە“.





باسنيوز
Top