منداڵە بریندارەکەی کەرکووک گیانی لەدەستدا
ئەو منداڵەی کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن زڕدایکی و باوکییەوە ئەشکەنجەدرابوو و لەسەربان فڕێدرابوویە خوارەوە، گیانی لەدەستدا.
جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی منداڵ و خێزان و مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " کەمێک پێش ئێستا ئەو منداڵەی لەلایەن دایک و باوکییەوە ئەشکەنجە درابوو لە نەخۆشخانەی کەرکووک گیانی لەدەستدا".
سەرۆكی لیژنەی منداڵ و خێزان و مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی " قسەم لەگەڵ پزیشكەكانی نەخۆشخانە كردووە و تاوەکو ئێستا هۆكارەكەی پەیوەندی بە كەمتەرخەمی لایەنی تەندروستییەوە نەبووە، چونكە دوو نەشتەرگەری بۆ كرابوو".
ئاماژەی بەوەشداوە کە "رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 دەرمانی تازەیان بۆ دابینكردبوو، بەڵام لەبەرئەوەی لە سەرەتای رووداوەكەدا چەند رۆژێك لەلایەن كەسوكارییەوە شاردرابوویەوە، بەو هۆیەوە خوێنی بۆگەنی كردبوو هەر ئەوەش بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی".
ناوبراو گوتیشی "پێشتر باوك و زڕدایكی منداڵەکە بەپێی ماددەی 312 كە تایبەتە بە لێدانی تووند بەند كرابوون، بەڵام بەهۆی گیانلەدەستدانی منداڵەكەوە ماددەكەیان دەبێتە 406 كوشتن".
Rudaw-
