يه‌كێتى: به‌غدا مه‌رجه‌عه‌

يه‌كێتى: به‌غدا مه‌رجه‌عه‌
لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان مه‌لا به‌ختيار رايگه‌ياند، به‌غدا مه‌رجه‌عه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

راگه‌ياندنى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى له‌ باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌لا به‌ختيار و سه‌رۆكى فراكسيۆنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌لا به‌ختيار جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌ به‌غدايه‌ و هێشتا به‌غدا مه‌رجه‌عه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ مه‌لا به‌ختيار گوتويه‌تى: ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌به‌غداد نییه‌، با نه‌چینه‌ به‌غداد! با له‌سه‌ر ده‌ستور، نه‌وت، مادده‌ی (140) و له‌سه‌ر چۆنێتی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ گفتوگۆ نه‌كه‌ین؟ وتی: بۆیه‌ هێشتا به‌غداد مه‌رجه‌عه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی رووبه‌ڕومان بۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختيار داوايكردووه‌، جارێكى ديكه‌ شاندى كورديى بچێته‌ به‌غدا، وتوويه‌تى: وه‌ك یه‌كێتیی رایده‌گه‌یه‌نینه‌وه‌، كه‌ به‌پرۆژه‌یه‌كی نوێ، كه‌ مافه‌ ئابورییه‌كانی كوردستان، له‌بودجه‌، موچه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ و بونیادنانه‌وه‌، به‌وه‌فدێكی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بچینه‌ به‌غداد و گره‌نتی مافه‌كانمان بكه‌ین و رێككه‌وتنێكی نوێ ئیمزا بكه‌ین.

هه‌روه‌ها له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا مه‌لا به‌ختيار راشكاوانه‌ راشيگه‌ياندووه‌، بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، ده‌بێ بچینه‌وه‌ سه‌ر شاده‌ماری چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كه‌ له‌به‌غداده‌ و پێویسته‌ نه‌هێڵین، چیتر ئه‌و شاده‌ماره‌ كۆلیسترۆڵ بیگرێت.
K24-
Top