پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتایی هات

 پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتایی هات
ئەنجامی ڕێوشوێنەکانی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق، بە سەندنەوەی متمانە لێی کۆتایی هات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21\9\2016، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 249 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو و تێیدا دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوە چوو.

لەمبارەیەوە شوان داودی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە لە زێباری بە شێوەی نهێنی بووە و لە ئەنجامدا 158 پەرلەمانتار دەنگیان بە سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی عێراق داوە“. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە 77 پەرلەمانتار لە دژی سەندنەوەی متمانە لە زێباری بوون و 14 ئەندامی پەرلەمانیش دەنگیان بە (بەڵی یان نەخێر) نەداوە.

لەمبارەیەوە د. مەحمود عوسمان، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەداری کورد، ڕایگەیاند: ”ئەم هەڵمەتە لەلایەن دەوڵەتی یاسا و لایەنگرانی مالیکییەوە بەڕێوە بردراوە“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتی بەغدا هەوڵەکەیان پێ خۆش نەبووە.

مەحمود عوسمان ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەندنەوەی متمانە لە زێباری، کاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئەم کارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بەرامبەر بە کورد و وەزیرێکی کورد ئەنجامی دا، کۆتایی هاتنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدایە“. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئۆباڵی کۆتاییهاتنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، لە ئەستۆی بەغدایە.













باسنیوز
Top