دڵشاد شەهاب: لایەنەكان دەیانزانی حكوومەت لە چ دۆخێکدایە، کەچی كێبڕكێیان بۆ وەرگرتنی پۆست بوو

 دڵشاد شەهاب: لایەنەكان دەیانزانی حكوومەت لە چ دۆخێکدایە، کەچی كێبڕكێیان بۆ وەرگرتنی پۆست بوو
ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، حكوومەت لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان پێك‌هێندرا، ئێستا گەر هەر لایەنێك دەڵێ دەكشێتەوە، ئەوا خۆیان بەرپرسیارن لە بەرانبەر میللەتدا، چونكە كاتی خۆی كێبڕكێیان لەسەر وەرگرتی زۆرتر و كاریگەرترین پۆست لە حكوومەتدا دەكرد.

(دڵشاد شەهاب)، ڕایگەیاند: "دەربارەی كشانەوە و بەردەوامیی لایەنەكان لە حكوومەتدا، ئێمە پێمان وایە حكوومەت لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان دانراوە، بیرمە پێشبڕكێیان بوو لەسەر ئەوەی كەوا چۆن و كێ زۆرتر و زووتر جێگە و پۆستێكی دەست بكەوێت بۆ ئەوەی لەناو ئەو حكوومەتەدا بەشداری بكات، داوایشمان لە هەموو لایەنەكان كردووە بێن و بەشدار بن و بە ئیرادەی خۆیشیان بەشدار بوونە".

ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی کە هەموو دەزانن هەرێمی كوردستان ئێستا بە قۆناغێكی قورسدا تێپەڕ دەبێت، نەك هەر تەنیا لە ڕووی داراییەوە، "ئێمە نزیكین لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆمان و، ئەمەیش بەپرسیارەتییەكی مێژووییە و چاوەڕوانیم وایە، دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارەتییە و لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵكدا بن، ئیتر دوابڕیاریش بۆخۆیان دەیزانن. خۆ ئەگەر مەبەست لەو هەڕەشەكردنە شكستدانی حكوومەت بێت، ئەوا حكوومەت شكست نابات و كارەكانی خۆی بەردەوام دەكات، ئەگەر بۆ ئەوەش بێت بە خەڵك بڵێن ئێمە لە خۆشیدا شەریكی حكوومەتین و لە ناخۆشیدا پشتی تێدەكەین، پێم وا نییە خەڵكی كوردستان لەمەیاندا بەهەڵە تێبگەن، ئاخر خەڵكی كوردستان هۆشیار و وریان و ئەم شتانە دەخوێنێتەوە، لە حاڵەت و كاتی وایشدا ڕاكردن لە بەرپرسیارەتیی خۆیان بەرامبەر بە خەڵك، شتێكی ناڕەوایە، هەرچۆن بێ بڕیار بەدەستە خۆیانە، ئێمە ئومێد دەكەین نەكشێنەوە، چونكە كشانەوە چارەی ئەو دۆخەی كوردستان ناكات، خۆ ئەگەر بڕیارێكی وایان هەبێت، ئەوا خۆیان بەرپرسیارن بەرامبەر بە خەڵك و میللەت".


ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵی: "زۆر جاران لایەنەكان لێرەولەوێ باسی ئەوە دەكەن ئەم حكوومەتە كەڵەكەبووی خراپەكارییەكانی خراپبەڕێوەبردنی ٢٤ ساڵ لەمەوبەرە، ئەو ڕۆژەی ئەوان هاتنە ناو حكوومەت، باش دەیانزانی كەوا ٢٤ ساڵە حكوومەت ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات، باشیش بارودۆخی حكوومەتیان دەزانی، بەڵام ئەوكات دۆخی دارایی باشتر بوو، بەپرسیارەتییەكان لە ئێستا سوكتر بوون، بۆیە پێشبڕكێ بوو لەسەرئەوەی كەوا كێ پۆستێكی باشتر و كاریگەرتر لە حكوومەت وەربگرێت، لە ئێستایشدا ئەم بەرپرسیارەتییە قورسە پێویستی بە بڕیارێكی كوردانە و كوردستانیانە و دروست و باشترە، پێویستیشە هەرلایەنێك تێیدا بەرگەی پشکی بەرپرسیارەتیی خۆی بگرێ. ئەم بەرپرسیارەتییە، بەرپرسیارەتییەكی گەورەیە كە لەسەر شانی هەمووانە و دەبێت شانی بدەینە بەر و قۆناغەکە تێپەڕینین".














KDP
Top