نەورۆڵی: ئەركی پاراستنی بارەگاكانمان لە ئەستۆی هێزەكانی ئاساییش و پۆلیسدایە
(فارس نەورۆڵی)، رایگەیاند: "خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی، مافێكی گشتیی خەڵكە، بە تایبەت لە كاتێكدا خەڵك گوزەرانی خراپە و ناتوانێت پێداویستییەكانی دابین بكات. ئەوەی دوێنێ شەویش لە نزیك بارەگای لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە ڕووی دا، هەرچەند ناكرێ بڵێین دەستدرێژییە، بەڵام جێ هەڵوەستەیە، ناشبێت بارەگای هیچ لایەنێك بە ئامانج بگیرێت و خەڵك هان بدرێت بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر بارەگای لایەنەكان بە ناوی خۆپێشاندان و داواكاریی مافی خەڵكەوە".
(نەورۆڵی) ئاماژەیشی دا: "ئەو خۆپێشاندانانەی سرووشتی نین یان بەرەو ئاقارێكی خراپ و نەخوازراو دەڕۆن، سەرجەمیان لەلایەن حزبەكانەوە دەستیان لە پشت دەدرێت و هان دەدرێن، بۆیە كاتێك بە ناوی خۆپێشاندانەوە هێرش بكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەدڵنیاییەوە حزب هەیە لە پشتی ئەم كارەوەیە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، جەختیشی كردەوە: "ئەركی پاراستنی بارەگاكانمان لە سەرجەم شارەکانی كوردستاندا لە ئەستۆی هێزەكانی ئاساییش و پۆلیسدایە".
سەعات 8ـی دوێنێ شەو، كۆمەڵە گەنجێك لە نزیك بارەگای لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە كۆ بوونەوە و ئاگریان كردەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەوە بڵاوەیان پێ كرا.
KDP
