فەڕەنسا، كورسیی خوێندنی ماستەری بۆ قوتابیانی کوردستان دابین کردووە
بە گوێرەی هەواڵێكی بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەر قوتابییەكی قۆناغی سێیەم و چوارەم لە كۆلێژەكانی (ئابووری، یاسا، زانستە ڕامیارییەكان) لە زانكۆ حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان خوازیاری بەدەستهێنانی ئەو كورسیانەی خوێندنە بۆ ساڵی (٢٠١٨)، با سەردانی پەیمانگای فەڕەنسایی لە شاری هەولێر بكات بۆ خۆتۆماركردن، چونكە لە ڕێكەوتی (٢/١٠/٢٠١٦) دەست بە كۆرسی زمانی فەڕەنسایی لە ناوەندی كولتووری لە كۆنسووڵگەریی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر دەكرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەروەها ڕایگەیاندووە، وەزارەتەكەیان خوێندكارانی ئەو بەشانە ئاگادار دەكاتەوە كە باشترین كاندیدەكانی كۆرسی زمانی یەكەم، بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێك زمانی فەڕەنسایی دەخوێنن تا بتوانن بچنە ئاستی (B2) لە زمانی فەڕەنسایی.
دواتر و لە كانوونی یەكەمی ساڵی (٢٠١٨) و، لەسەر بنەمای ئاستی زمان و كۆنمرەی زانكۆ، لەلایەن بەشی هاوكاری و كولتووری لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا باشترین كاندید دەستنیشان دەكرێت و پەسند دەكرێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە وڵاتی فەڕەنسا درێژە بە خوێندنی باڵا/ماستەر بدات.
ڕۆژی یەكشەممە (٢٥/٩ تا ٢٩/٩/٢٠١٦) دەرگای ناوتۆماركردن بۆ خولی زمان لە پەیمانگای فەڕەنسایی لە شاری هەولێر دەكرێتەوە.
2- نرخی بەشداریكردن بۆ كۆرسی زمان بریتییە لە (١٢٠٠٠٠) هەزار دینار.
KDP
