کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و دەمیرتاش دەستی پێکرد
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حـزبەکەی، گەیشتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و شاندەکەی هەدەپە کرد و کۆ بوونەوە چاوەڕوانکراوەکە دەستی پێکرد.
هاوسەرۆکی هەدەپە دوای گەیشتنی بە شاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ کوردستانی باشوور، باشترکردنی پەیوەندیی پارتەکانی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزیی حزبە کوردییەکانە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەی کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، کە مەسعود بارزانی ”رێبەرێکی گەورەی کوردە“ و دڵنیایی خۆیشی نیشان دا لەوەی، کە بارزانی ”دەتوانێ رۆڵێکی گەورە لە یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بگێڕێت“.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئەیلوولیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و لە دوو رۆژی دواتریش، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، کۆ ببێتەوە.
باسنیوز
