فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هاوپەیمانان دوو لیوای پێشمەرگە پڕچەک دەکەن
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی راگەیاندووە، کە ناردنی ئەو چەک و هاوکارییە سەربازییە وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ.
فەریق جەبار یاوەر هەروەها رایگەیاندووە، کە لە چوارچێوەی پلانی ئەمریکا بۆ پڕچەککردنی ھێزەکانی عێراق، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ”نزیکەی ساڵێکە قۆناغەکانی مەشقپێکردن و پڕچەککردنی ھەریەک لە لیوایەکانی یەک و دووی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەستپێکردووە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش کردووە، کە قۆناغەکانی مەشقکردن و پڕچەککردنی ئەو دوو لیوایە گەیشتوونەتە کۆتایی و هەردوو لیواکەش لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ بەشداری دەکەن.
بەگوتەی فەریق جەبار یاوەر، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان چەکی پێشکەوتوو و نوێیان بۆ ئەو دوو لیوایە دابین کردووە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، حکوومەتی ئەمریکا دوای وەرگرتنی رەزامەندیی کۆنگرێسی وڵاتەکەی، رایگەیاند کە نۆ لیوای سەربازیی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق و سێ لیوای ھێزەکانی پێشمەرگە پڕچەک دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکەش ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەر لەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە شارەکانی ھەرێمی کوردستان وەک خاڵی کۆکردنەوەی ھێزەکانیان بەکاردەھێنن.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
باسنیوز
