سەڵاحەدین دەمیرتاش: بارزانی رێبەرێکی گەورەی کوردانە
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حزبەکەی، گەیشتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
سەڵاحەدین دەمیرتاش دوای کۆ بوونەوەی لەگەڵ جەعفەر ئێمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ کوردستانی باشوور، باشترکردنی پەیوەندیی پارتەکانی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزیی حزبە کوردییەکانە.
هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها رایگەیاند، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”رێبەرێکی گەورەی کوردە“ و دڵنیایی خۆیشی نیشان دا لەوەی، کە بارزانی ”دەتوانێ رۆڵێکی گەورە لە یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بگێڕێت“.
سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیوایە کورد بە قۆناغێکی گرنگ و مێژوویی تێدەپەڕێت و پێویستە حزبە سیاسییەکانی کوردستان مل بۆ یەک کەچ بکەن و یەکێتیی نەتەوەیی دروست بکەن.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوول دەمیرتاش لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆ ببێتەوە و رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئەیلوولیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و لە دوو رۆژی دواتریش، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، کۆ ببێتەوە.
باسنیوز
