پێنجوێن؛ پێنج ئەندامەكەی دەستەی ناڕەزایەتی خەڵك ئازادکران

پێنجوێن؛ پێنج ئەندامەكەی دەستەی ناڕەزایەتی خەڵك ئازادکران
لە قەزای پێنجوێن بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دستگیركردنی پێنج ئەندامی دەستەی بەرەی ناڕەزایەتی خەڵك لە لایەن هێزە ئەمنیەكان، ژمارەیەك هاونیشتمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پێنجوێن گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و دواتر ئەو کەسانە ئازادکران.

شەوی سێشەممە 20-9-2016 لە شارۆچكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژمارەیەك هاونیشتمانی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوای ئازادكردنی پێنج ئەندامە دستگیركراوەكەی دەستەی بەرەی ناڕەزایەتی خەڵكیان كرد. لە بەرامبەریشدا ئاسایشی شارەکە ئەو پێنج چالاکڤانەی ئازادکرد.



رۆژی سێشەممە 20-9-2016 هەریەك لە "ئاوات حەسەن، هەورامان نیعمەت، مستەفای حەسەن گەورە، دڵشاد مەحمود، عادل حەسەن" ئەندامانی دەستەی بەرەی ناڕەزایەتی خەڵك دوای سەردانیكردنی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی مامۆستایانی پێنجوێن، دەستبەسەركران.

دەستەی ناڕەزایەتی خەڵك 17-9-2016 لە سلێمانی بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندان لە 27-9-2016 پێکهێنرا.

نەبەز بابان ئەندامی دەستەی بەرەی ناڕەزایەتیەكانی خەڵك لە كۆنفرانسێكی رۆژناڤانی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، لەم هەلومەرجە پڕقەیرانەدا كۆمەڵێك كەس لەسۆنگەی خەمخۆریان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كەمكردنەوەی ئازارەكانی خەڵك دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و بەرەی خەڵكیان دروستكرد. لەسەردانێكی شاندێكیاندا بۆ ناوچەی پێنجوێن، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی لە بازگەیەك دەستگیركراون و رەوانەی ئاسایش كراون.
RUDAW -
Top