دەمیرتاش لەگەڵ ئیسلامییەكانی باشووری كوردستان كۆدەبێتەوە
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) بەیاوەری شاندێكی باڵای پارتەكەی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، بڕیارە لەگەڵ هەر یەك لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەر پێنج پارتە سەرەكییەكەی باشووری كوردستان كۆببێتەوە.
عەبدوللەتیف یاسین، بەرپرسی نووسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە 22-9-2016 سەلاحەدین دەمیرتاش سەردانی سەلاحەدین بەهائەدین دەكات، لە سەر خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و یەكڕیزی سەرجەم پارچەكانی كوردستان گفتوگۆ دەكەن".
حەسەن بابەكر، بەرپرسی نووسینگەی ئەمیری كۆمەڵ ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە چوارچێوەی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە 22-9-2016 سەلاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ عەلی باپیر كۆدەبێتەوە".
شاندەكەی هەدەپە بۆ ماوەی 4 رۆژ لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پێکهاتوون لە هەر یەك لە سەلاحەدین دەمیرتاش، فاتمە كورتولان، نادر یڵدرم، عوسمان بایدەمیر، بەسیمە كۆجان، ئیمام تاشچەر، جەلال دۆغان و رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 دەست بە كۆبوونەوە و دیدارەكانیان دەكەن.
RUDAW -
