پەرلەمانتارێک: چاوەڕوانین پێش 27ی ئەیلوول مووچەی مامۆستایان گۆڕانکاری تێدا بکرێت
شوان قەڵادزەیی، ئەندامی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “کاتی ئەوە هاتووە ناڕەزایی خەڵک و فەرمانبەرانی کوردستان و مامۆستایان بەهەند وەربگیرێت، ئەوەی ئاگادارم بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بڕیار لەبارەی مووچەی مامۆستایانەوە بدرێت، بەپێویستی دەزانین ئەو بڕیارە بەجۆرێک بێت کە تینوێتیی مامۆستایان و فەرمانبەران بشکێنێت و دەبێت بڕیارێکی خەمخۆرانە بێت کە ئێستا لە ئاستی باڵادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چونکە بەو ڕێگایە پرۆسەی پەروەردە بەڕێوە دەچێت و بە ئاسایی دەوامی خۆیان دەکەن”.
هیواشی خواست، ئەو بابەتە پەلەی لێ بکرێت، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی “سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە مامۆستایان داوە بەدواداچوون بکات، دەبێت بڕیاری گرنگ لەو بارەوە بدرێت”. گوتیشی: "ئەو لایەنانەی کە لە حکوومەتدا بەشدارن، بەشێکن لە قەیرانەکان، دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەسەر قەیرانەکاندا ئێستا دەیانەوێت لە حکوومەت بکشێنەوە و بڕیار بدەن، ئەوان لە کاتی هەستیار نەکشاونەتەوە، ئێستا کە باری حکوومەت لارە و خەڵک نیگەرانییەکانی فراوان دەبێت، تاوتوێی کشانەوە دەکەن، ئەگەر دڵسۆزن، کاتێک حکوومەت چاکسازی نەکرد، ئەو کاتە کشابانایەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆبوونەوەی دەکرێت لەسەر مووچەی مامۆستایان دەبێت، سیستەمی پاشەکەوت نەمێنێت، دەبێت دەستکاریی مووچەکانیان بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بۆ بگەڕێتەوە کە حکوومەت هەوڵ دەدات مانگ لە دوای مانگ داهات زیاد بکات و دەستکاریی مووچە بکات.
باسنیوز
