فەرماندەی هەپەگە لە کەرکووک: عەبادی داوای لێکردووین شەڕ بکەین

 فەرماندەی هەپەگە لە کەرکووک: عەبادی داوای لێکردووین شەڕ بکەین
فەرماندەی بەرەی كەركووك - مەخموری هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئەوە دەخاتەڕوو كە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایسپاردوون شەڕی داعش بكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 20/9/2016، سەلیم زیلان، فەرماندەی بەرەی كەركووك -مەخمووری هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە گوندی (نوافلی)ی باشووری كەركووك، ڕایدەگەیەنێت كە ئەوان لەسەر “داوای گەل” هاتوونەتە باشووری كەركووك، گەرمیان‌ و جەلەولا‌، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ڕأیسپاردوون شەڕی داعش بكەن. گوتیشی: "ئێمە لەسەر داوای گەل بۆ باشووری كەركووك هاتووین، شان بەشانی پێشمەرگە شەڕی داعشمان كردووە، تاكو ئێستا ژمارەیەك شەهید و بریندارمان هەیە كە لە پێناو ئەم خاكە خۆیان بەشەهیدبوون داوە، هاوكات توانیومانە سەركەوتنی گەورەش بەدەست بێنین".

شەممەی ڕابردوو، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی داوای كرد، هەپەگە لە باشووری كەركووك بڕۆنە دەرەوە و “بە تیرۆریست”ی ناساندن، لەبەرامبەردا فەرماندەكەی یەپەگە ئەوەی خستەڕوو: "تاوەكو ئێستا ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نەبووە، حەیدەر عەبادی گوتی دژی داعش شەڕ بكەن، ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی نییە و تەنانەت ناشیناسین".

لێژنەی ئەمنیی كەركووك ڕۆژی یەكشەممە، 18/9/2016 لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕەتی دەكاتەوە بوونی گەریلا لە سنووری كەركووك هەبن، "تەنیا هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس، هێزە ئەمنی و هەواڵگرییە‌ هاوبەشەكانی ژێر دەسەڵاتی لێژنەی ئەمنی پارێزگای لە كەركووك هەن كە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك سەرۆكایەتیی لێژنەكە دەكات".

ئەم ڕاگەیەندراوەی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە كاتێك دایە كە رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوول، وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی میحوەری باشووری كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەكاتی هێرشی ڕێكخراوی توندڕەوی داعش، نەجمەدین كەریم كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، داوای لە سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل کردووە، ژمارەیەك گەریلا بۆ پاراستنی شارەكە بنێرن و “ئەوانیش 100 گەریلایان ناردووە".











باسنيوز
Top