له خورماتوو وه‌قفی شیعه 840 دۆنم زه‌وى به‌ناوى خۆیه‌وه تاپۆ ده‌كات
به‌پێی زانیارییه‌كان، پتر له دوو هه‌زار خانوو له‌دواى ساڵی 2003ه‌وه له لایه‌ن هاووڵاتییانى كه‌مدرامه‌ت، له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه ئێستا وه‌قفی شیعه تاپۆكه‌ى به‌ناوی خۆیه‌وه كردووه، خانوویان دروست كرده‌ووه و ئێستاش به‌شێك له‌و هاووڵاتییانه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه له داهاتوودا به بیانووى ئه‌وه‌ى تاپۆیان نییه خانووه‌كانیان بڕووخێنرێت، كه ئێستا تاپۆكه‌ى به ناوى وه‌قفی شیعه‌وه‌به له خورماتوو.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و 840 دۆنم زه‌وییه‌ى كه تاپۆكه‌ى به ناوى وه‌قفی شیعه‌وه كراوه، به‌رده‌وام هاووڵاتییانى كورد سوودیان لێ بینیوه بۆ له‌وه‌ڕِی ئاژه‌ڵه‌كانیان، هاوكات بۆ به‌هاران هاووڵاتییانى خورماتوو بۆ به‌سه‌ربردنى كاتێكى خۆش ڕوو له زنجیره چیای هه‌نجیره ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێستا ته‌واوى ئه‌و زه‌وییانه تاپۆكه‌ى به ناوى وه‌قفی شیعه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی به‌رپرسانى ئیدارى له خورماتوو ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و تاپۆیه ڕاگیراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له خورماتوو تایبه‌ت ڕایگه‌یاند: "وه‌قفی شیعه له خورماتوو، ساڵانێكی زۆر بوو هه‌وڵیان ده‌دا به بیانووى بوونى مه‌زارگه‌یه‌ك بنارى زنجیره چیای هه‌نجیره و ده‌شتاییه‌كانى ته‌نیشتى زنجیره چیاكه، كه ئێستا به‌شێك له هاووڵاتییانى كه‌مدرامه‌ت كردوویانه به خانوو، تاپۆكه‌ى به ناوى خۆیانه‌وه بكه‌ن، دواجار له به‌غداوه به شێوه‌ى یاسایی كرد كاره‌كانیان و ئێستاش 840 دۆنم زه‌وی به ناوى وه‌قفی شیعه‌وه كراوه له خورماتوو، هه‌رچه‌نده به‌رپرسانى كورد له خورماتوو هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى تاپۆكه‌یان دا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان سه‌رى نه‌گرت و دواتر هه‌وڵی ڕاگرتنی تاپۆكه‌یان دا".
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێشتر و له كاتى رژێمی به‌عسدا، به بڕیاری سیاسی زه‌وی و موڵكى كورده‌كانى خورماتوو داگیر ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا به شێوه‌یه‌كى تر و به یاسایی له لایه‌ن عه‌ره‌به شیعه‌كانه‌وه ده‌یانه‌وێت ئه‌رز و موڵكى كورد داگیر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه جێگاى قبووڵ نییه و پێویسته هه‌وڵ بدرێت ئه‌و تاپۆیه به یه‌كجاری هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه.
هه‌مان سه‌رچاوه ئاشكرای كرد، وه‌قفی شیعه له خورماتوو جگه له تاپۆكردنی ئه‌و 840 دۆنم زه‌وییه به ناوى خۆیه‌وه، له ماوه‌ى ڕابردوودا بینا و شوێنی مه‌زارگای ئیمام ئه‌حمه‌دی له خورماتووش به ناوى خۆیه‌وه تاپۆ كرد، هه‌روه‌ها بینایه‌كى دیكه‌ى حكوومىیان به ناوى خۆیانه‌وه تاپۆ كراوه.
هێمن ڕه‌سووڵ، هاووڵاتییه‌كى خه‌ڵكى خورماتووه، ڕایگه‌یاند: "به‌هۆی كه‌مدرامه‌تییه‌وه خانوویه‌كم له ده‌شتایی زنجیره چیای هه‌نجیره له خورماتوو دروست كرد، ئێستاش تاپۆی ئه‌و زه‌وییه‌ی كه من خانووه‌كه‌م له‌سه‌رى دروست كردووه، كراوه به‌ناوی وه‌قفی شیعه‌وه، ئه‌مه‌ش من به داگیركارى ده‌زانم، له‌به‌رئه‌وه وه‌قفی شیعه ده‌یه‌وێت زۆربه‌ى موڵك و شوێنه گشتییه‌كان له خورماتوو به ناوى خۆیه‌وه بكات".
ئه‌و هاووڵاتییه، گوتیشی: "ئێستا من و سه‌دانى وه‌كو من له‌به‌ر كه‌مدرامه‌تى خانوومان له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ی دروست كردووه و ترسمان له‌وه هه‌یه كه بۆ داهاتوو له‌لایه‌ن وه‌قفی شیعه‌وه ده‌ربكرێین و خانووه‌كانمان بڕووخێنرێت".
هونه‌ر تایه‌ر، نوێنه‌رى وه‌قفی سوننه له خورماتوو، ڕای گه‌یاند: "سه‌باره‌ت به تاپۆكردنى ئه‌و 840 دۆنم زه‌وییه به ناوى وه‌قفی شیعه‌وه له خورماتوو، له‌گه‌ڵ قایمقام و ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خورماتوو بابه‌ته‌كه‌مان تاوتوێ كردووه و ناڕه‌زایه‌تی خۆمان ده‌ربڕیوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زگا شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت دیموگرافیای شاره‌كه بگۆڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه ناوچه‌یه‌كى كوردییه، ئێستا ده‌یانه‌وێت بیكه‌نه ناوچه‌یه‌كى شیعی".
گوتیشی: "پێشتر و له سه‌رده‌مى به‌عسدا، هاووڵاتییانى كورد له‌به‌ر كوردبوونیان ده‌رده‌كران، به‌ڵام ئێستا ده‌رت ناكه‌ن، به‌ڵكو له‌ناو ماڵی خۆتدا خانووه‌كه‌ت و ده‌وروبه‌رت به ناوى خۆیانه‌وه تاپۆ ده‌كه‌ن، بۆیه وا پێویست ده‌كات ئه‌و تاپۆیه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه".
ئێستا هاووڵاتییانى كوردى خورماتوو تووڕه و ناڕه‌زایه‌تییه‌كى زۆر ده‌رده‌بڕن له‌مه‌ڕ تاپۆكردنى 840 دۆنم زه‌وى له خورماتوو به ناوى وه‌قفی شیعه‌وه، هه‌رچه‌نده نزیكه‌ى چوار ساڵه ئه‌و تاپۆیه ده‌ركراوه، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رپرسانى خورماتووه ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌كرد، كه ئه‌و تاپۆیه ڕاگیراوه و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌شی ده‌ده‌ن، ئێستاش جارێكى تر بۆ خه‌ڵكى خورماتوو ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و تاپۆیه هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و ڕانه‌گیراوه.
پێوه‌ند به‌م باسه، ئه‌حمه‌د نفوس، ئه‌ندامى كوتله‌ى كوردى له ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتوو ڕایگه‌یاند: "وه‌ك ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتوو یاداشتێكمان ئاراسته‌ى وه‌قفی شیعه له خورماتوو و پارێزگار و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین (به حوكمى ئه‌وه‌ى خورماتوو ئێستا له ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه) و فه‌رمانگه‌ى تاپۆی خورماتوو كرد و تیایدا بڕیارمان دا كه تاپۆكردنى 840 دۆنم زه‌وى به‌ناوى وه‌قفی شیعه‌وه نایاساییه و پێویسته ئه‌و تاپۆیه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه".
گوتیشی: "به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا تاپۆكه هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و به ناوى وه‌قفی شیعه كراوه له خورماتوو و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زاییه‌تیى هاووڵاتییانى خورماتووى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه".
